شوبات 11, 2023 18:46 Asia/Tehran
  • دیمەشق: بڕیاری ئەمریکا بۆ  ھەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکانی سەر سوریا چەواشەکارانەیە

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکانی سەر وڵاتەی بە مەبەستی دابینکردنی ئاسانکاری بۆ فریاکەوتنی لێقەوماوانی بوومەلەرزە بە چەواشەکارانە و درۆو دەلەسە ناوبرد.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی بانگەشەی کرد کە کە هەندێک سزای سەر سوریا بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ ھەڵدەپەسێرێت بۆ ئەوەی ھەلی سات و سەودا بە مەبەستی دابینکردنی فریاگوزاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بڕەخسێندرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ لەبەر ڕۆشنایی داواکارییە بەربڵاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆو بایکۆتەکانی سەر سوریا، بەتایبەتی دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەم وڵاتە،حکومەتی ئەمریکا بڕیارێکی چەواشەکارانەی نوێی دەرکردووە کە جەخت لەسەر ڕاگرتنی بەشەکی و کاتیی هەندێک سزا و ڕێوشوێنی کوشندەی تاکلایەنە لە دژی گەلی سوریا دەکاتەوە.

لەم بەیاننامەیەدا باسی ئەوەش کراوە کە، کردەوە و گەمارۆ و سیاسەتە تاکلایەنەکانی ئەمریکا، نەتەوەی سوریای لە بەهرەمەندبوون لە سامانی سروشتی بێبەش کردووە و توانای دامودەزگاکانی حکومەتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی ژیان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سنووردار کردووەتەوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەخت لەسەر پابەندبوونی واشێنگتۆن بە سزا نایاساییەکان دەکاتەوە و   لە ئەنجامدا حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت خەڵکی سووریاو جیھان بەو پەلەقاژەیەی جوان کردنی بیچمی خۆی فریو بدات و خۆی لە بەرپرسیارێتیی ڕێگریکردن لە هەوڵی  ڕزگارکردن و پشتیوانی لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە بدزێتەوە.

سەرپەیڤ