ناردرانی دەھەمین فڕۆکەی هاوکاریی ئێران بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سوریا
دەھەمین فڕۆکەی هاوکاریی مرۆڤیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی سوریا ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی) لە فڕۆکەخانەی شاری بەندەری لازقییە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا نیشتەوە و بارەکەی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی سوریا کرد .
دوو بوومەلەرزەی گەورە بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ ڕۆژی دووشەممەی شەشەمی فڤریە ناوچەکانی باشووری تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە. کە لە ئەنجام دا پتر لە ٣٨ ھەزار کەس لە تورکیاو نزیکەی ٦ ھەزار کەس لە سووریا گیانیان لە دەست دا.
هەر لە سەرەتای ڕوودانی بوومەلەرزەکە لە ھەردووک وڵاتی تورکیا و سوریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ڕاگەیاند و جگە لە ناردنی یارمەتییە مرۆڤییەکان، کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش فریاگوزارانی خۆی ڕەوانەی ئەم وڵاتانە کرد بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.
هەر لەم پێوەندییەدا، «عەلیرەزا فەدەوی»، بەرپرسی یانەی فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لازقیە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا وتی: فڕۆکەی سێیەمی هاوکارییەکانی ئێران بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی سووریا بە ٢٥ تۆن لە هەموو جۆرە خۆراک و پێداویستییەکی بژێوی، ڕادەستی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکووری ڕۆژئاوای سوریا کرا.
فەدەوی ڕایگەیاندووە کە باری ئەم فڕۆکەیە داگری شیری ویشک، دەرمان، خۆراک، کەلوپەلی تەندروستی، بەتانی و پاکێجی خواردنە.
پێشتریش دوو باری هاوکاری لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەوانەی دیمەشق و دوو بار بۆ لازقیە و پێنج باری دیکەش ڕەوانەی حەلەب کرابوون، بە تێکڕایی ھەتا ئێستا دە بارەفڕۆکە ڕادەستی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سووریا کراون.