ئادار 20, 2023 14:27 Asia/Tehran
  • کرانەوەی کونسوڵخانەی عەرەبستان لە دیمەشق دوای ١٢ ساڵ

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند؛ عەرەبستان بەنیازە دوای مانگی ڕەمەزانی پیرۆز کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی مێهر ڕۆژی دووشەممە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە سپۆتنیکیان ڕاگەیاندووە؛ نێوەندگیرییەکانی ڕووسیا و ئیمارات ئەنجامی پێیستی لێکەوتەوە و عەرەبستان بە تەمایە دوای 12 ساڵ کونسوڵخانەکەی لە پایتەختی سوریا بکاتەوە.

ئەم سەرچاوانە وتووشیانە: دوای ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران وعەرەبستان، هەوڵەکانی ڕوسیا و ئیمارات لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەرهەمدار بووە و بووەتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی عەرەبستان و سوریاش.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای جەژنی ڕەمەزان بڕیارە «فەیسەڵ بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان سەردانی دیمەشق بکات و لە کاتی گەشتەکەیدا بە فەرمی کردنەوەی باڵوێزخانەی عەرەبستان لە دیمەشق ڕابگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە «فەیسەڵ بن فەرحان» لە بەیاننامەیەکدا نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر جەختی کردەوە؛ وڵاتانی عەرەبی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە گۆشەگیرکردنی سوریا هیچ سوودێکی نییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی پرسە مرۆییەکان، دەبێ لەگەڵ سوریادا دانوستان بکرێت.

سەرپەیڤ