بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەبێت هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا ڕوون بکاتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم داواکارییەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژێک دوای ئەوە هات کە هێرشێکی درۆنی، ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و ئەوەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ۴ شەڕڤان و برینداربوونی دوو شەڕڤانی دیکە.
ئەنقەرە دەڵێت، یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە و باڵی سووریای پەکەکەیە کە لە ساڵی ۱۹۸۴ـەوە لەگەڵیدا لە شەڕدایە.
هێزەکانی هەسەدە هاوپەیمانێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوون لە شەڕی دژی رێکخراوی تێڕۆریستی داعش.
هێرشە درۆنییەکەی رۆژی پێنجشەممە، ئەڵقەیەک بوو لە زنجیرەیەک هێرشی چەند مانگی رابردوو بۆسەرهەسەدە .
هەسەدە گوتی، شەش ئەندامەکەی بۆ پشوودان بە ئۆتۆمبێلێک دەگەڕانەوە ماڵەکانیان، کاتێک کە ئێوارەی پێنجشەممە لە نزیک قامشلۆ کرانە ئامانج.
راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینیی هەسەدە دەڵێت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا پێویستە "هەڵوێستێکی روونی هەبێت بەرامبەر بەئامانج کردنی خەڵک و شەڕڤانەکانمان".