ئەنجوومەنی لەشکەریی منبج: بەردەوامین لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان
ئەنجوومەنی لەشکەریی منبج کە بەشێکە لە هێزەکانی "هەسەدە" راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی شارەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر منبج. ڕاشیگەیاند کە بەردەوامە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەکدارەکان.
ئەنجوومەنی لەشکەریی منبج لە راگەیەندراوێکدا وتی کە لە ماوەی 12 رۆژی رابردوو و پاش تەشەنەسەندنی رووداوەکانی ئەمدواییەی سوریا، چەکدارانی نزیک بە تورکیا بە پاڵپشتیی ئاسمانی تورکیا، دەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر منبج و گوندەوارەکانی و سەرجەم ئەو هێرشانە لە لایەن هێزەکانی هەسەدەوە پوچەڵ کراونەتەوە.
ئەم ئەنجومەنە ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئاستی هێرشەکان بۆ سەر شارەکە، لە سەرجەم میحوەرەکانەوە بەرزتر بووەتەوە و لە ئێستادا پێکدادانی تووند لە میحوەرەکانی تۆخار، عەون دادات، عەرەب حەسەن و ئەلعەریمە بەردەوامە.
ئەنجوومەنی لەشکەریی منبج راشیگەیاندووە کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی تورکیا و زرێپۆشەکانیان، چەکداران لە دەروازەی باشووری شارەکە پێشڕەوییان کردووە و لەوێ کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی هەسەدە و ئێستایش هەر شەڕ و پێکدادان لە دەروازەی شارەکەدا بەردەوامە.