نادیاربوونی چارەنووسی ماڵەکەی جەلال تاڵەبانی لە دیمەشق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند؛ ماڵەکەی سەرۆک کۆماری خوالێخۆشبووی عێراق جەلال تاڵەبانی لە دیمەشق مڵکی بنەماڵەکەی دێتە ئەژمار و ئەم وەزارەتخانەیە لە پێوەندیدایە لەگەڵ کاربەدەستانی تازەی سووری بۆ وەرگرتنەوەی.
بە پێی دوایین زانیارییەکان بە سەرنجدان بەوەی کە ماڵەکەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری خوالێخۆشبووی عێراق و دوو مڵکی دیکەی یەکێتی لە لایەن هەتەشەوە لە دیمەشق دەستیان بەسەردا گیراوە و هێشتا ئەم ماڵ و مڵکانە ڕادەستی یەکێتی نەکراون، وەزارەتی دەرەوەی عێراق خەریکی پێوشوێنگرتنی ئەم بابەتەیە.
شۆڕش خالید سەعید جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە؛ هێزەکانی سوریا چوونەتە نێو شوقەکەی جەلال تاڵەبانییەوە و کلیلەکان وەرگرتووە و تا ئێستایش ڕادەستی بنەماڵەی تاڵەبانیان نەکردووە. ناوبراو وتیشی: ئاپارتمانەکە هیچ زیانی نەدیوە و هیچ جێگایەکی تێکنەدراوە و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی دۆستانە بەردەوامە.
هەر لەم ئاراستەیەدا بەغدا یاددشتێکی فەرمی بەڕێ کردووە بۆ وەزارەتی دەرەوەی سوریا و لەو یادەشتەدا جەختی کردووە کە ئەو شوقەیە هی بنەماڵەی مام جەلالە و خۆیان ساڵی ١٩٧٤ کڕیویانە. جەلال تاڵەبانی لە حەفتاکاندا ماوەیەک لە دیمەشقدا نیشتەجێ بووە.