شەڕ و پێکدادان لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا
تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بە چەکی قورس و تۆپ دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردومان کرد.
تورکیا وگرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بە چەکی قورس و تۆپ دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان کرد کە بەهۆیەوە چوار چەکدار کوژران و 12 چەکداری دیکە برینداربوون.
هاوکات هێزەکانی هەسەدەیش لە ئۆپەراسیۆنێکدا سێ ئۆتۆمبیلی چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان کردە ئامانج و لەناویان بردن، جگە لەوەش هێزەکانیان لە بەرەی قەرەقۆزاق بنکەی “هەوشریە”ـی میلیشیاکان وهێزەکانی سەر بە تورکیایان کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی تورکیا و سێ چەکداری دیکە بریندار کران، زرێپۆشێک و دوو ئۆتۆمبیلیش لەناو بران.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هێزەکانی هەسەدە لە بەرەی قەرەقۆزاق هێرش کراوەتەسەر خاڵێکی چەکداران کە بەهۆیەوە پێنج چەکدار بریندار بوون. دواتر فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا پەلامارێکی فراونیان بۆ سەر گوندەکانی سنوورەکە دەستپێکرد. هاوکات لەگەڵ ئەم شەڕ و پێکدادانانە هیزی ئەمریکاییش بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازی و لۆجستیکی بۆ بنکەکانیان کە لە ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادان و 200 بارهەڵگری پڕلە کەلوپەلی سەربازییان لە هەرێمەوە گواستوەتەوە.
ئەرکانی فەرماندەرێتیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکام)ـیش رایگەیاندووە کە لە پەلامارێکی ئاسمانیدا بۆ سەر باکووری ڕۆژاوای سوریا یەکێک لە ئەندامانی باڵای گرووپی "حەراسەدین"ی سەر بە ئەلقاعیدەی کوشتووە. ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیش هاوکات لەگەڵ بەردەوامکردنی هەڵمەتەکانی لەپێناو تیابردنی بەربڵاوی زەوی و زاری کشتوکاڵ لە دەڤەری قونەیتەرە، باڵاخانەی پارێزگاریی ئەم پارێزگایەشی ئاگر تێدەبەرداوە. لە لایەکی دیکەوە میدیا عەرەبییەکان باسی دەستنیشانکرانی فەرمیی ئەبوو محەممەد جۆلانی وەکوو سەرۆک کۆماری کاتیی سووریایان کردووە.