زەریف: ئیتر کەس متمانە بە ئەمریکا ناکات، ترەمپ چاوی خۆی لە سەر راستییەکان نوقاندووە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت؛ هەڵس و کەوتەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هەمبەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک) بۆتە هۆی ئەوەی کە ئیتر کەس متمانەی بە ئەمریکا نەمێنێ.
"محەممەد جەواد زەریف" شەوی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی ئەمریکایی "سی بی ئێس" بە ئاماژە بەوەی کە قسەکانی دوێنێ ( هەینی)ی ترەمپ دژ بە ئێران و بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک) ، دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتر لە ڕابردووی پلە و پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا چاوی خۆی لە سەر ڕاستییەکان نوقاندووە.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی شەممە بە بێ بایەخ دان بە هەشت ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە هەر هەشتەکەیاندا جەخت کراوە لە سەر پێبوند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک، ڕایگەیاند؛ پێبەند بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت راست ناکاتەوە. ئەو هەنگاوەەشی بە ئامانجی هەڵوەشاندەوەی ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە هەڵگرت.
یەکێتیی ئەورووپا و ژمارێکی دیکە لە وڵاتانی جیهان پاش ئەم قسە و لێدوانانەی ترەمپ رایانگەیاند؛ هەر وەک ڕابردوو پشتیوانییەکی تۆکمە و تەواو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک دەکەن.
ترەمپ هەروەها بە دووپات کردنەوەی تۆمەتی بێ بنەمای دژ بە گەلی ئێران، بانگەشەی ئەوەی کرد کە تاران پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکات و سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کە دەوری سەرەکی لە خەباتی دژ بە تیرۆریستانی داکۆکی کراوی واشینگتۆن لە سووریا و ئێراق دەگێڕێ، لە لیستی بایکۆتی نوێدا دانا.
سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران لە خەباتی دژ بە گرووپە تەکفیری- تیرۆریستییەکاندا لە ئێراق و سووریا بە داخوازی فەرمیی ئەم وڵاتانە، یارمەتیی ڕاوێژکاری دەخاتە بەردەستیان؛ کە ئەو مەسەلەیەش بە هیچ لەونێ دڵخوازی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی نییە.