تشرینی یه‌که‌م 26, 2017 10:57 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی لێبڕاوانەی نوێنەری ئێران بەرامبەر بە ڕاپۆرتە چەواشەکراوەکەی عاسیمە جەهانگیر

حەسەن نەژاد نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ڕاپۆرتی دژی ئێرانیی ڕاپۆرتدەرەکەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە بارەی ئێرانەوە پێی داگرت: ئەم ڕاپۆرتە بە گشتی سیمایەکی چەواشەکراوو پڕ لە هەڵە لە بارەی ئێرانەوە پیشان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،حەسەن نەژاد نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە دانیشتنی مافەوانیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و لێکدانەوەی ڕاپۆرتی شەش مانگی سەرەتای 2017ی عاسمە جەهانگیر ڕاپۆرتدەرەکەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری ئێران وتی: ئەم ڕاپۆرتە لە حاڵێکدا دەخرێتە ڕوو کە هیچ ئاماژەیەک نەکراوەتە سەپێندرانی بایکۆتە نایاسایی و یەک لایەنەکانی دژی جەماوەری ئێران بە سەرکردایەتیی ئەمریکاو باسی ئەو حەڤدە هەزار ئێرانییەش نەکراوە کە بوونەتە قوربانیی تیرۆریزم.

عاسمە جەهانگیر ڕاپۆرتدەرەکەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری ئێران لە ڕاپۆرتی شەش مانگی سەرەتای 2017ی خۆی دا وێڕای ڕەخنەگرتنی دووبارە لە بەڕێوە چوونی یاسای ئیسلامیی قیساس لە ئێران لە بانگەشەیەکی چەندپاتەوە بوودا باسی پێشێلکرانی مافی مرۆڤی کردووە لە ئێران داه

ئەم بانگەشانەی مافی مرۆڤ لە هەل و مەرجێکدا دەکرێن کە ئێران گەلێک جار جەختی کردووە لە سەر ڕاگیردرانی کەڵکاژۆیی لە پرسی مافی مرۆڤ بۆ داسەپاندنی هەیمەنەی هزری و کلتووری و سیاسی و ئابووری بە سەر وڵاتانی دیکەدا.

نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان هەروەها لە وەڵامی بانگەشەی دژە ئێرانیی نوێنەرەکەی عەرەبستان پێی داگرت: ئەمریکا و عەرەبستان تووشی زەین کوێریی مێژوویی هاتوون و لەبیریان چووەتەوە کە زۆرترین منداڵ لە جیهاندا لە لایەن عەرەبستان و هاوپەیمانەکانیەوە کوژراون.

حەسەن نەژاد وتیشی : تێکڕای دڕندەکارییەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش و تاقمە تیرۆریستییەکانی دیکە لە جیهاندا لە ڕادەی درندەکارییەکانی عەرەبستانی سەعودی کەمترە.

نوێنەرەکەی عەرەبستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بەبێ ئاماژە کردن بە دڕندەکاریی سێ ساڵانی وڵاتەکەی دژی یەمەن و قەڵاچۆی جەماوەرو منداڵانی یەمەنی، لە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانەدا، بوختانی هەوڵی دروست کردنی پشێوی و ناهێمنیی لە ناوچەکەو پێبەند نەبوون بە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانی بۆ ئێران کرد.

ئەم قسانەی عەرەبستان لە هەل و مەرجێکدا باسی دەکرێت کە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ناوی هاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودیی لە بەر دڕندەکاری و قەڵاچۆی منداڵانی یەمەنی خستووەتە نێو پێڕستی ڕەشی خۆیەوە.

 

 

سەرپەیڤ