رۆحانی: ئێران زیاترین کارتێکەریی لەناوچەدا هەیە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i327065-رۆحانی_ئێران_زیاترین_کارتێکەریی_لەناوچەدا_هەیە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە سەرکەوتنە ئابووری و سیاسییەکانی ئێران لەساڵانی ڕابردوودا، وتی: ئەمڕۆ لەسەر دانپێدانانی ڕێکخراوی نەتەوەکان و زلهێزان، کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێندانەرترین وڵاتی ناوچەیە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 16, 2018 16:56 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئێران زیاترین کارتێکەریی لەناوچەدا هەیە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە سەرکەوتنە ئابووری و سیاسییەکانی ئێران لەساڵانی ڕابردوودا، وتی: ئەمڕۆ لەسەر دانپێدانانی ڕێکخراوی نەتەوەکان و زلهێزان، کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێندانەرترین وڵاتی ناوچەیە.

حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ هەینی لەدیدار لەگەڵ ئێرانیان و خوێندکارانی دانیشتووی هیندستان لە حەیدەر ئاباد، وتی: ئێران ئێستا لەتەنیشت ڕووسیاو تورکیا بۆ گەڕانەوەی هێمنی بۆ ناوچە کارتێکەر و شوێندانەرە و کەس گومانی نییە لەبارەی دەور و ڕۆڵی ئێران لە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم لەتەنیشت خەڵکی ئێراق و سووریا.

سەرۆک کۆماری ئێران وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە یەک ساڵی ڕابردوو بۆ هەڵوەشاندنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) هەوڵ دەدا بەڵام چەند مانگ جارێک دوائیمزای خۆی لەسەر هەڵپەساردنی بایکۆتەکان نوێ دەکاتەوە.

رۆحانی وتیشی: ئەمڕۆ ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی جگە لە رژێمی زایۆنیستی و چەند وڵاتی بچووک هیچ لایەنگرێکی دیکەی نییەو ئەوە پێشاندەری دەسەڵاتی ئەمڕۆی ئێرانە.

ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە بایکۆتەکان پەیوەندیی لەگەڵ نەتەوەکان بەرتەسکتر دەکا، وتی: ئێران بەوڵاتانی جیهانی پێشاندا جگە لە دەسەڵاتی بەرگریی باڵا، دەسەڵاتی دانوستانی باڵاشی هەیە.

سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی کرد لەسەر پێویستیی کەڵک وەرگرتن لە توانای ئێستای ئێرانیان لەکارتێکەریی و دامەزراندنی پەیوەندیی فەرهەنگی و بازرگانی لەسەر کۆمەڵگای هیندستان و وتی: شوێنەوارە ژیارییەکانی حەیدەرئاباد و هیندستان بەرهەمی هەوڵی شارستانیانەو هاوبەشی گەلی ئێران و هیندستانە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنج شەممە لەسەرووی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابووری گەیشتە حەیدەرئابادی هیندستان. ڕێوڕەسمی پێشوازیی فەرمی لە سەرۆک کۆماری ئێران سبەی شەممە لە دێهلی نوێ بەڕێوە دەچێ.