شوبات 17, 2019 11:03 Asia/Tehran
  • لاریجانی: دەوڵەتی پاکستان دەبێ بەرامبەر بە پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان وەڵامدەر بێ

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران وتی: دەوڵەتی پاکستان لەبەر ئەوەی کە گرووپی تیرۆریستی "جیش الظلم" لە خاکی ئەو وڵاتەوە پەلامارەکەی بۆ سەر سیستان و بەلوجستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، دارشتووە و جێبەجێ کرووە دەبێ وەڵامدەر بێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ڕۆژی یەکشەممەی مەجلیسدا وتیشی: ئەو چەشنە هەڵس و کەوتانە پێوەندی و هاوکاریی ئێران و پاکستان ئاڵۆز دەکات و لەم قۆناغەدا ئیسلام ئاباد نابێ بەدوور لە هەستی بەرپرسایەتی  بجوڵێتەوە.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو (١٣ی فێڤرییە) پاسێکی هەڵگری سنوورەوانانی ئێران لە جادەی "خاش _ زاهیدان" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان وەبەر پەلامار کەوت کە لەو پەلامارەدا ٢٧ سنوورەوان شەهید بوون و ١٣ سنوورەوانی دیکەیش بریندار بوون.

گەرووپی تیرۆریستیی ناسراو بە "جیش الظلم" بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارەی گرتۆتە ئەستۆ.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی دژە ئێرانی وەرشۆ وتی: بە پەلە وەڕێخرانی کۆبوونەوەی وەرشۆ لە لایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییەوە، دەسبەتاڵ بوونیان دەسەلمێنێ.

کۆبوونەوەی دژە ئێرانیی وەرشۆ کە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ڕابردوو لە پێتەختی پۆڵندا بەڕێوە چوو، بە ناکامی هەوڵەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لەمەڕ دانانی ناسی ئێران لە بەیاننامە کۆتاییەکەی، کۆتایی هات.

سەرپەیڤ