ڕۆحانی: ئێران قەت بە پاڵەپەستۆو گوشار بە چەقبەستوویی ناگات
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام کاریگەریی نەرێنی لە سەر ھەڵس و کەوتی وڵاتان و تێکدانی ئاسایشتی ناوچەکە نەبێت، ھیچ دەرەنجامێکی دیکەی نەبووە، پێی داگرت: ئێران قەت بە پاڵەپەستۆو گوشار بە چەقبەستوویی ناگات.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی: ڕۆژی دووشەممە لە دیداری «ھایکۆماس» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا لە تاران وێڕای پێ داگرتن لە سەر ئەمەی کە ئاسایشتی ناوچەکە قەت بە گوشارو بایکۆت کردنی ئێران مسۆگەر نابێت،جەختی کرد: ئەمریکا بە بایکۆتەکانی ستەمکارانەی دژی ئێران بە ئاراستەی تیرۆریزمی ئابووریی دا دەڕوات، ھەر بۆیە ئێران لە بەرامبەر ئەوانەی وا ڕێ لە ھاتنی داوودەرمان و خۆراک بۆ جەماوەری ئێران دەگرن، خۆڕاگریی دەنوێنێ.
ڕۆحانی تیشکیشی خستە سەر بەڵێنەکانی ڕاشکاوانەی سێ وڵاتی ئەورووپیی بریتانیاو ئاڵمانیاو فەرانسا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو لە مەڕ پێبەند بوونیان بە ئەستۆگرییەکانیان و ھەڵگرتنی ھەنگاوگەلێک لە ئاراستەی قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ماوەی ئەو خشتە زەمەنییەی بۆیان دیاری کراوەو وتیشی: ئەگەر وڵاتانی ئەورووپی لەو باوەڕەدان کە ڕێککەوتنی بەرجام بە قازانجی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپاو چخسپاندنی سەقام و ئاشتی و ئاسایشتی ناوچەکەیە، دەبێ خێراتر بۆ پاراستنی بجوڵێنەوەو بە کردەوەو بەبڕشتانە ئەوە پیشان بدەن.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھێنانە ئارای ئەم بانگەشەیەی کە گوایە ئێران لە فتراقی چێکردنی چەکی ناڤۆکییە بە ھەڵەو نادروست ڕاگەیاندو پێی داگرت کە : ١٥ ڕاپۆرتی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی و لەوەش گرینگتر فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی حەرام بوونی بەرھەمھێنانی چەکی ناڤۆکی ئەوە دەسەلمێنن کە ئاوا بانگەشەیەک قەت دروست نییە.
«ھایکۆماس» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیاش لەم دیدارەدا کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی بەرجامی بە ھەنگاوێکی ھەڵە لێکدایەوەو جەختی کرد: ئاڵمانیا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا دژی ئێران ناکۆکەو بیروڕاکانمان گەلێک جیاوازەو ئێمە لە ھەوڵی ئەوەداین ھەتا بە ھاریکاریی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بە تایبەت فەرانساو بریتانیا ڕێککەوتنی بەرجام بپارێزین و بەڵێنەکانمان ببەینە واری ڕاپەڕاندنەوە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا پێشی داگرت: ئەوەی شارەزای مێژووی ئێران بێت دەزانێ کە ستراتژیای ئەوپەڕی گوشار دژی گەلی ئێران قەت ھیچی لێ ناوەشێتەوە.