حوزه‌یران 19, 2019 19:21 Asia/Tehran
  • فەلاحەت پیشە: ئوروپییەکان دوادەرفەت ئێران بەهێند بگرن

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەڕەخنەگرتن لە خەمساردیی و ناکارامەیی ئوروپییەکان لە جێ بەجێ کردنی بەڵێنیە بەرجامییەکان، پێی داگرت: ئوروپییەکان دوامۆڵەتی شەست رۆژەی ئێران بەجیددی بگرن.

بەپێی ڕاپۆری رۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، "حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە" لەدیدار لەگەڵ "ماتیاس هون" سەرۆکی کۆمیتەی چەکداماڵین، کۆنترۆڵی چەکەمەنی و بڵاونەکرانەوەی پەرلەمانی ئاڵمان لەتاران وتی: ئێران بەگوێرەی پانزە ڕاپۆری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی هەموو وادەو بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە بەرجامی جێ بەجێ کردووە بەڵام پاش پەیمان شکێنی ئەمریکا، هەنگاوێکی پراکتیکی ئەرێنی لەلایەن ئوروپاوە نەدیتراوە.

فەلاحەت پیشە پێی داگرت: ئێران بەدەسەڵات وئامادەیی تەواو، بەرەڤانی دەکا لە بەرژەوەندییە نیشتمانیەکان و دەسکەوتەکانی هاوپێوەند بە بەرجام.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی ئێران هەروەها بەئاماژە بە پێشینەی پەیوەندیی دۆستانەی ئێران وئاڵمان وتی: پەرەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات لەبواری جیاجیای سیاسی، ئابوری و فەرهەنگی بەقازانجی گەلانی دوو وڵاتە.

"ماتیاس هون" یش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بەوەی کە هەوڵە ئەرێنیەکانی ئێران لەمەڕ جێ بەجێ کردنی هەموو بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە بەرجام، ڕوون وئاشکرایە، وتی: پاراستنی بەرجام لەئەستۆی هەموو ئەندامانیەتی.

هون هەروەها خوازیاری پەرەپێدان و بەهێزکرانی پەیوەندیی تاران و بەرلین بوو لەبواری سیاسی، ئابوری، کولتوری و پەرلەمانیدا.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەشتی مای٢٠١٩ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئێران بەپێی بڕگەی٢٦و٣٦ی بەرجام و لەبەر پەیمان شکێنی ئوروپییەکان لە جێ بەجێ کردنی بەڵێنیەکانیان، هەندێ هەوڵی خۆی هاوپێوەند بە بەرجام ڕادەگرێ.

ئێران هەروەها شەست ڕۆژ مۆڵەتی دا بە وڵاتانی دیکەی ماوە لە بەرجامدا هەتا بەڵێنیەکانیان بەتایبەت لەبواری کاروباری بانکی و نەوتی جێ بەجێ بکەن و بەوانی ڕاگەیاند، ئەگەر لەو ماوەدا بەڵێنیەکانیان جێ بەجێ نەکەن، ئێرانیش لەبەرامبەردا بەڵێنیەکانی دیکەی خۆی ڕادەگرێ.

سەرپەیڤ