زەریف: جارێ زووە باسی کۆتایی ھاتنی ڕێککەوتنی بەرجام بکرێت
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش واتە «ڕێککەوتنی بەرجام» لەبار نەچووەو ھێشتا زووە باسی کۆتایی ھاتنی بکرێت، وتیشی: بەداخەوە ئەورووپییەکان نەیانتوانی بەڵێنەکانیان لەم بوارەدا ڕاپەڕێنن.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی «ڕاشا تودەی»ی ڕووسیا وتیشی: وڵاتانی ئەورووپی بە قەدەر پێویست پشتی ڕێککەوتنی بەرجامیان نەگرتو ئامادەی دووبەختەکی و ھاوبەشی کردن بۆ پاراستنی ئەم دەستھاتە گەورە دیپلۆماسییە نەبوون.
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەورووپییەکان دەبێ بزانن کە زێدەخوازی و پاوانویستیەکانی ئەمریکا لەمەڕ پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان قەت ڕێککەوتنی بەرجام ڕاناگرێت.
«موحەممەد جەواد زەریف» وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئەگەر ئەورووپییەکان نەتوانن بەشێک لە بەڵێنەکانیان ڕاپەڕێنن، دیارە ھەر ھەموومان بە ئەمریکتاشەوە دەیدۆڕێنین، وتیشی: پێداگریی ئەمریکا بۆ لەسەروو بوونی دۆلارو ئابووریی ئەو وڵاتە بووەتە چەکێک بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دیکە کە دیارە ھەر ئەمەش دەیفەوتێتێ.
«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەروەھا لە بارەی ئامادە بوونی ھێزەکانی بیانی لە ناوچەی کەنداوی فارس وتی: پەرەسەندنی ئامادە بوونی ھێزی سەربازیی لە کەنداوی فارس دا بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشت دەستەبەر ناکات، بەڵکو دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی ناپاوەجێیی.
زەریف وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەبێ ئێران ئاسایشت دابین ناکرێت، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین ھێزی ناوچەکەیەو ھیچ ھێزێکیش ئەم ڕاستییەی بۆ ناگۆڕدرێت.
«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی ڕێگریی ئەمریکا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی ئێرانیش وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەر ئامێرێک بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی سود وەردەگرێت و لە ھەمبەر گوشارەکانی ئەمریکادا بە چۆک دا نایەت.