ئایەتوڵڵا خاتەمی: ئەمریکییەکان ئیدی ڕووی ئارامی لەجیهاندا نابینن
گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران وێڕای شەرمەزارکردنی دڕندەکاری ئەمریکا لە شەهیدکردنی سەردار"قاسم سولەیمانی" فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی پێی داگرت: ئەمریکییەکان چیتر لەجیهاندا ڕووی ئارامی و هێمنی نابینن.
ئایەتوڵڵا سەید "ئەحمەد خاتەمی" لە گوتارەکانی ئەو حەوتەی نوێژی هەینیی تاران بەئاماژە بەوەی کە شەهید سولەیمانی، خەباتکارێکی ماندوونەناس بوو، وتی: سەردار سولەیمانی بەهەوڵ و کۆششەکانی، گرووپی ترۆریستیی داعشی لەناوبرد.
ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە شەهید سولەیمانی، کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی جیهانی ئیسلام بوو، و ئەمڕۆکە جیهانی موقاوەمە لە عێراق، سوریاو لوبنان داخدار و خەمباریەتی، وتی: کاتی ئەوە هاتووە ناوچە لەبوونی دوژمن بسڕدرێتەوە.
گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە سەردار سولەیمانی هەردەم شەهیدبوونی بەئاوات دەخواست، وتی: ئەمریکییەکان دڵنیان بن، تۆڵەی خوێنی شەهید سولەیمانی لەوان دەسێندرێتەوە.
گوتاربێژی نوێژی هەینیی تاران پێی داگرت: ڕێبازی شەهید سولەیمانی بەردەوام دەکرێ و بێ شوێنکەوتە نابێ.
سەردار "قاسم سولەیمانی" فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی پەلاماری ئاسمانیی هێزە دەسدرێژکار و ترۆریستەکانی ئەمریکی لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدای عێراق، شەهید کرا.