زەریف : ترامپ خەریکە بارودۆخی ئەمریکا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست(رۆژاوای ئاسیا) ئاڵۆزتر دەکا
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا خەریکە بارودۆخی ئەو وڵاتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست(رۆژاوای ئاسیا) خرابتر دەکا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لەتاران وتی: ئێران لە کردەی سەربازیی ئەمریکا پاش شەهیدکرانی سەرداری سپەهبود قاسم سولەیمانی فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ناترسێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بە ئامادەبوونی ملوێنیی خەڵکی ئێران لەڕێوڕەسمی بەڕێکرانی تەرمی سەرداری شەهید "قاسم سولەیمانی" وتی: ترامپ دەبێ پەیامی ئەو ئەقیانوسە حەشیمەتە وەربگرێ و دەست هەڵگرێ لە هەڕەشەکردن لە خەڵکی ئێران، چونکە ئەو هەڕەشەو گوڕەشانە خەڵکی ئێران ناترسێنێ.
زەریف لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: حکومەتی ئەمریکا بەترۆری سەرداری سپەهبود سولەیمانی و هەڕەشەی کردنەئامانجی ناوەندە فەرهەنگییەکانی ئێران، بەکۆمەڵگای جیهانی پێشاندا کە هیچ ڕێزێک دانانێ بۆ یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان و ئامادەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ترۆری سەرداری شەهید سولەیمانی لەخاکی عێراق، نموونەی ئاشکرای ترۆریزمی دەوڵەتییەو تاران وەڵامی ئەو کردە ترۆریستییە دەداتەوە.