حوزه‌یران 24, 2020 15:41 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دەبێ سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دژی ئێران، وتی: ئاژانس دەبێ وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی، نەکەوێتەژیر گوشاری ئەمریکاو ڕژێمی زایونییەوەو لە ڕێبازی یاسایی خۆی نەترازێت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی: ڕژێمی زایونی و ئەمریکا بە ھێنانە ئارای بابەتێک کە ھی بیست ساڵ لەمەوبەرە، بەنیازن  ئاژانسی  نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە ڕەوتی بەرپرسایەتییە سەرەکییەکانی بترازێنن.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، پارێزرانی جێ و شوێنی  ئاژانسی  نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکیی بۆ سیستێمی نێونەتەوەیی بە ھەرە گرینگ زانی و پێی داگرت: بنەمای کاری ئێران ھاوکاری لەگەڵ  ئاژانسی  نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییە، بەڵام ئەگەر بێتو پێویست بکات ئێران وەڵامێکی لێبڕاوانە بە ھەڵس و کەوتی ئاژانس دەداتەوە.

ڕۆحانی ھەروەھا  لە وەڵامی بانگەشەو پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان لە بارەی ئامادە بوونیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران وتیشی: تاران دەزانێ کە ئەمە خوڵکێکی بێ بنەمایە،قسەی درێژداڕانەیەو ئەمریکییەکان لەبەر کەشی ھەڵبژاردن و تەنگژەو نەھامەتییەکانی خۆیان باسی دەکەن.

سەرپەیڤ