ته‌مووز 31, 2020 22:20 Asia/Tehran
  • جەختی سەرۆک کۆمارانی ئێران و تورکیا لە سەر گەشەی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیان کرد لە سەر گەشەی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە بواری جۆربەجۆرو بە تایبەت لە ڕووی ھاوکاریی ئابووری و بازرگانییەوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی ھەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای پیرۆزکردنی جێزنی قوربان لە دەوڵەت و نەتەوەی تورکیا، ھیواداریی دەربڕی کە دوو وڵات ھەر بە ھەمان شێوە کە ھەتا ئێستا بۆ بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە تەنیشتی یەکدا بوونە، بە ھاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزمون بتوانن ھەوڵێکی باش بدەن بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەم نەخۆشییە. 

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە بڕێک پرس و گرفت لە ناوچەکەدا، ھیواداریی دەربڕی کە بە ھەوڵ و ھاوکاریی ھەمەلایەنەی وڵاتانی ناوچەکە سەفام و ئۆقرەیی لە تەواوی ناوچەکەدا بچەسپێندرێت.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئەمڕۆکە ئەمریکا خەریکی داسەپاندنی بایکۆتی ملھوڕانەیە بە سەر گەلی ئێراندا، پێی داگرت: دەبێ لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا وڵاتانی دۆست و دراوسێی وەک ئێران و تورکیا زیاتر لە جاران ھاوکاری و پەیوەندییەکانیان پەرە پێ بدەن.

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیاش لەم وتووێژەدا وێڕای پیرۆزکردنی جێژنی قوربان ھیواداریی دەربڕی کە ئەم جێژنە بۆ جەماوەری دوو وڵات و ھەموو موسڵمانانی جیھان ببێتە ھۆی خێرو بەرەکەت.

سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای ستایشی ھەوڵەکانی سەرکەتووانەی دەوڵەت و نەتەوەی ئێران لە بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سەر پێویستیی گەشەی ھاوکاری و گواستنەوەی ئەزمونەکان لەم ئاراستەیەدا پێی داگرت.

ئەردوغان وێڕای ئاماژە کردن بە پەرە پێ دانی پەیوەندی و ھاوکارییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیا و خێراکردنەوەی ڕەوتی ئاڵووێری بازرگانی بە ڕەچاو کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، ھیوای خواست کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ھاوکارییە ستراتژییەکانی دوو وڵات لە داھاتوویەکی نزیک دا بەڕێوە بچێت.

سەرپەیڤ