بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەندامانی ژووری بازرگانیی کرماشان و ھەڵەبجە
لە کۆبوونەوەی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشان و پارێزگای ھەڵەبجەی ھەرێمی کوردستان لە سەر پەرە پێ درانی ھاوکاریی ئابووری و بازرگانیی نێوان ھەردووک لا پێداگری کرا.
«کەیوان کاشفی» سەرۆکی ژووری بازرگانی، پیشەسازی ف کانزاو کشت و کاڵی پارێزگای کرماشان ڕۆژی پێنج شەممە لە دانیشتنی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی ژووری بازرگانیی پارێزگای ھەڵەبجەی ھەرێمی کوردستان لە بینای پارێزگاریی کرماشاندا وتی: بە سەرنجدانی ئەو سنوورە درێژەی کە پارێزگای کرماشان لەگەڵ وڵاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیەتی، چاوەڕوان دەکرێ پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان ھەردووک پارێزگاکە پەرەی پێ بدرێت.
«کاشفی» ھەروەھا باسی واژۆ کرانی بەڵگەنامەی ھاوکاریی نێوان ژوورەکانی بازرگانیی کرماشان و ھەڵەبجەی کردو وتیشی: ئامانج لە واژۆ کردنی ئەم تەبایی نامەیە پەرە پێ دانی ئاستی ھاوکاری و ھەنگاونان بۆ بەربڵاوترکردنی چالاکییەکانە و لە لایەکی دیکەوە لە چوارچێوەی ئەم بەڵگەنامەیەدا ھاوکاری و وەڕێ خستنی ناوەندێکی داوەریی ھاوبەش لە نێوان ژورەکانی بازرگانیی ھەردووک پارێزگاکە ڕەچاو کراوە ھەتا گرفتە شیمانەییەکان لە بواری پەیوەندیی ئابووری بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
«پێشەوا ئەحمەد مەحمود» سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەڵەبجەش لە دانیشتنەکەدا باسی یارمەتیی جەماوەری شاری کرماشان لە سەردەمی کیمیابارانەکەی سەددام بە خەڵکی ھەڵەبجەی کردو وتی: ئەو ھۆگری و پەیوەندییەی کە لە نێوان ئەم دوو پارێزگایەدا ھەیە مێژینەیە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەڵەبجە باسی واژۆکرانی سێ تەبایی نامەشی کرد لە نێوان پارێزگارانی ھەڵەبجەو کرماشان لە ماوەی ساڵانی پێشترو وتیشی: بەشێکی ھەرە زۆری ئەو تەبایی نامانە پەیوەستن بە ھاوکاری و پەیوەندیی ژورەکانی بازرگانیی ھەردووک پارێزگاکەوە.