شوبات 02, 2021 10:10 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەمریکا دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەنگاوەکانی تارانی لەگەڵ ڕێککەوتنی ناڤۆکی دا بە ھاوتەریب زانی و لە سەر پێویستیی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرای ئیرنا، «موحەممەد جەواد زەریف»، وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ «کەناڵی سی ئێن ئێن» وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ بەستێن بۆ گەڕانەوەی بەرە ڕێککەوتنی ناڤۆکی خۆش کات، چونکو ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا بڕیاری کشانەوە دا کە ھیچ سەرنجێکی بنەماکانی ئەم  ڕێککەوتنە ناڤۆکییەی نەدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: لە لایەکی دیکەوە ئێران لە میکانیزمی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بۆ بەرتەسک کردنەوەی ھاوکاریی خۆی کەڵک وەردەگرێت و ئەگەر ئاوڕ لە بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنەکە بدرێتەوە، ئەوە دەر دەکەوێت کە تارڕان ڕێک بە پێی ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتنە جوڵاوەتەوە.

زەریف وتیشی: لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ ھەمیسان بگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی کە ئەوسا ئێرانیش دەستبەجێ بۆ وەڵام دانەوە ئامادە دەبێت.

«موحەممەد جەواد زەریف» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە لێرەدا کات گرینگ نییە، وتیشی: ئەوەی گرینگە ئەمەیە کە ئایا ئەمریکاو دەوڵەتە تازەکەی نیازی واز ھێنان لە سیاسەتە کۆنە فەشەل ھێناوەکەی سەردەمی ترەمپی ھەیە، یان نا.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەوسا دەتوانین لە بارەی بابەتگەلێکی دیکە کە سەرۆک کۆماری تازەی ئەمریکا باسی کردووە، قسە بکەین.

سەرپەیڤ