نیسان 13, 2021 04:06 Asia/Tehran
  • ئێران ھەنگاوەکەی یەکێتیی ئەورووپای لە مەڕ بایکۆت کردنی ٨ کاربەدەستی ئێرانی شەرمەزار کرد

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی ھەنگاوەکەی یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی دانانی ناوی کۆمەڵێک لە کاربەدەستان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو پێڕستی بایکۆتەکانی مافی مرۆڤی ئەم یەکێتییە، وتی: ئێران ئەو ھەنگاوە بە توندی شەرمەزار دەکات و بە بێ بایەخی دەزانێت.

بە پێی ڕاپۆرتی شەوی سێ شەممەی ئیرنا، «سەعید خەتیب زادە» وتیشی: بە دڵنیاییەوە ھەنگاوگەلێکی لەم چەشنە لە لایەن بانگەشەکەران و ھەڵسوڕاوانی درۆینەی مافی مرۆڤەوە گاڵتەجاڕانەیە، دیارە ئەوانە نەک ھەر بە ئامانجی سیاسی، لە ھەمبەر پێشێلکرانی مافی جەماوەری ئێران لە ئەنجامی بایکۆتە دژی مرۆڤی و نایاساییەکانی ئەمریکا بێ دەنگەیان لێ کردووە، بەڵکو تەنیا بە داخ و مەخابن دەربڕین بەسەندەیان کردووە و زیاتر لە جارن بوونەتە ھۆی بێ ئابڕو بوونی کەسانێک کە لە چەمک گەلێکی باڵای وەک مافی مرۆڤ کەڵکاژۆیی دەکەن.

خەتیب زادە وتیشی: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو ھەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا، وتووێژە تۆکمەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، داگری وتووێژی مافی مرۆڤی و ھەموو ھاوکارییەکی پەیوەست بەم وتووێژانە بە تایبەت لە بواری تیرۆریزم، ماددە ھۆشبەرەکان و پەنابەران پەک پێ دەخات.

خەتیب زادە ھەروەھا ڕاشیگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بایکۆتگەلێکی ھاوتەریبی وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو کارەی یەکێتیی ئەورووپا بە دەستەوەیە کە بەم زووانە ڕایدەگەیەنێت.

یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: ٨ کاربەدەست و ٣ دامەزراوەی ئێرانیی بە بیانووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە پێڕستی بایکۆتەکانی خۆی زیاد کردووە.

سەرپەیڤ