سوپاسبێژیی مەولەوی «عەبدولحەمید» لە ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بەر دانانی شارومەندێکی سوننە بۆ سەرکردایەتیی ھێزی دەریایی
بەرنوێژی ئەھلی سوننەی زاھیدان لە نامەیەک دا بۆ ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لە بەڕێزیان لە بەر دیاری کردنی کەسێکی سوننە بۆ سەرکردایەتیی ھێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ستایشی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، مەولەوی «عەبدولحەمید» بەرنوێژی ئەھلی سوننەی زاھیدان لە نامەکەی دا ، دانانی بلیمەتێکی ئەھلی سوننەی وەکو سەرکردەی ھێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن «حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی» سەرکردەی ھێژای تێکڕای ھێزە چەکدارەکانی بە ھەنگاوێکی خوداپەسەند زانی و پێی داگرت: ئەم کارەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بووەتە ھۆی ھیواداریی کۆمەڵگای ئەھلی سوننە.
بەرنوێژی ئەھلی سوننەی زاھیدان، ھەروەھا ئەم ھەنگاوەی بە یەکلایی کردنەوەیەک بۆ تەواوی بەرپرسان زانی و ھیوای خواست: بە بەردەوام کرانی ئەم ڕەوتەپیرۆزە، دەوڵەتی تازەو بەشەکانی دیکەی حکومەتیش بە پەیڕەوی لە ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و بە بەکارھێنانی کەسانی شیاوی ئەھلی سوننە و کەڵک وەرگرتن لە تواناییەکانیان، ھەنگاوێکی گرینگ لە ئاراستەی پتەوکردنەوەی یەکگرتن و یەکانگیر بوونی نیشتیمانی ھەڵگرن.
«حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی» سەرکردەی ھێژای تێکڕای ھێزە چەکدارەکانی ئێران ، لە بڕیارێکدا ئەمیری دەریادار «شەھرام ئێرانی»ی بۆ سەرکردایەتیی ھێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەڵبژارد.