حوزه‌یران 30, 2022 12:04 Asia/Tehran
  • ڕاپۆرتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕەوتی دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی بەردەوام بوونی وتووێژەکانی نێوان دانوستانکاری باڵای ئێران و جێگری ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپای کرد لە دەوحەی قەتەر لە ئاراستەی بەردەوام کردنی دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "ناسر کەنعانی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئێوارەی چوارشەممە لە تویتێکدا بە ئاماژە بە دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێران لە دەوحەی قەتەردا نووسی: لە درێژەی پرۆسەی دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان، وتووێژگەلێکی چڕ و پڕ لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بە نێوەندگریی "ئێنریکە مۆرا"ی جێگری ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە دەوحە بەڕێوە چوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کرد؛ بۆچوون و پێشنیارەکردارییه کانی ئێران سەبارەت بە پرس و بابەتە یەکلانەکراوەکان هاتە ئاراوە و لایەنی بەرامبەریش ڕاو بۆچونەکانی خۆی راگەیاند.

کەنعانی وتیشی: سەبارەت بە بەردەوام بوونی ڕێگاو قۆناغەکانی دواتری دانوستانەکان، بە پێی ڕەوتی هەمیشەیی باقری و مۆرا لە پێوەندیدا دەبن.

خولی هەشتەمی دانوستانەکانی ڤییەنا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی ملهوڕانەی سەر ئێران کە لە ٢٧ی دێسەمبری ٢٠٢١ـەوە دەست پێ ببوو، ١١ی مارسی ٢٠٢٢ بە پێشنیاری جۆزێپ بۆرێل ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، پێی نایە قۆناغێکی پشوودانەوە و دانوستانکاران بۆ مشوور و ڕاوێژی سیاسیی گەڕانەوە بۆ پێتەختی وڵاتەکانیان.

هەر لەم ئاراستەیەشدا "عەلی باقری کەنی" دانوستانکاری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە بە مەبەستی دەست پێ کردنەوەی دانوستانەکان سەردانی دەوحەی کرد.

سەرپەیڤ