ئاب 11, 2022 16:45 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: ئێران ھیچ جۆرە گۆڕانێک لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا قەبوڵ ناکات

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلام بە دەربڕینی ئەمەی کە ھیچ گۆڕانکارییەک لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا قەبوڵ ناکەین، وتیشی: تاران ھێندە ئامادەیە کە دەتوانێ تەواوی بارستایی و تواناییەکانی بۆ چەسپاندنی سەقام و ئاشتی لە ناوچەی قەوقازو گەشە پێ دانی بەکار بێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی»ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ «نیکۆڵ پاشینیان» سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، پەیوەندیی دوو وڵاتی ئێران و ئەرمینیای بە مێژوویی و قوڵ نرخاندو لە سەر پێویستیی داڕشتنی بەرنامە بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ھاوکاریی ئابووریی پاوەجێی تاران و ئیرەوان پێی داگرت.

سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە پێکدادانی ڕۆژانی ڕابردوو لە قەوقاز وتی: پابەند بوونی واژۆکەرانی بەیاننامەی سێ قۆڵیی ئاگربڕ بە بڕگەکانی و چارەسەریی پاشماوەی کێشەکان لە ڕێگای وتووێژو ڕێگاگەلی دیپلۆماسیانە، باشترین ڕێگایە بۆ پێکھێنانی ھێوری و ئاسایشت لە ناوچەی قەوقازدا.

«نیکۆڵ پاشینیان» سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیاش لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە بارەی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەرمینیاو کۆماری ئازەربایجان ئاراستە کرد.

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا ھەروەھا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر بە پەرەی پەیوەندییەکانی تاران و یەریڤان، لە سەر ئامادە بوونی وڵاتەکەی بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی کەل و پەل لە نێوان دوو وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوکارییەکان لە بواری ژێرخانی لەوانە ڕێگاوبان و وزە پێی داگرت.

سەرپەیڤ