تشرینی دووه‌م 02, 2022 20:51 Asia/Tehran
  • ئەمیرعەبدوڵڵاهییان: ئێران و سوریا لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی و لە هەماهەنگیی نێوان ھەردووک وڵاتدا دۆست و بران

وەزیری دەرەوەی ئێران، له دیداری له گەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، جەختی کرد: ئێران و سوریا لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی و لە هەماهەنگیی نێوان ھەردووک وڵاتدا دۆست و بران.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەستپێکردنی دانوستان و پتەوکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی سەردانی ڤیەننا دەکات.

ئەمیرعەبدوڵڵاهییان وتیشی: لە ساڵی ڕابردووەوە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات زیادی کردووە، ئەمڕۆش سەبارەت بە هاوکاریی ئابووری و بازرگانی وەک پێویست پێکەوە ڕاوێژمان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: هەموو گفتوگۆکان بۆ ئەوەیە کە بتوانین کەرتی تایبەتی و دەوڵەتی پتر لە جاران ھان بدەین کە لە ئاراستەی پوچەڵ کردنەوەی بایکۆتەکان ھەوڵێکی زیاتر بخەنەگەڕ.

 فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریاش لەو پرێس کۆنفرانسەدا وتی: ئەم سەردانەی بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیە کە ئێمە لە تەنیشت سەرکردایەتی و نەتەوەی ئێراندا دژی دەستدرێژکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو کردەوانەی کە دەیکەن بۆ بەئامانجگرتنی ئێران و پرسە ناوچەیی و ئێرانییەکان، وەستاوین.

وەزیری دەرەوەی سووریا وتیشی: ئێمه پشتیوانی له هەڵوێستی ئێران دەکەین له دانوستانه ناڤۆکییەکانداو پێمان وایه ئێران بە درێژایی دانوستانەکان ڕاستگۆ بووه و هیوادارین وڵاتانی ڕۆژئاوا واز له هەڵوێستی ناپاک بهێنن.

وەزیری دەرەوەی سوریا له بارەی بوونی تیرۆریستان له سوریاش وتی: دووڕوویی و مەرایی کاریی و ملھوڕایەتی ، که بنەمای سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایه ،بووەته هۆی سەرهەڵدانی ئەم گرووپه تیرۆریستییه و داعش له داوێنی ئه مریکا و ئیسرائیل دا پەروەردە کراوە.

سەرپەیڤ