پەیوەندیی دووقۆڵی و پرسە ناوچەییەکان؛ تەوەرەی وتووێژی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا بوون
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا سەبارەت به دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی دوو قۆڵی و پرسە گرنگە ناوچەییەکان بیروڕایان گۆڕییەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «مەولود چاوش ئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا، وێڕای ئاماژە کردن بە دەرفەتە باش و ئەرێنییەکانی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا ، لە قووڵبوونەوەی ھەرچی زیاتری پەیوەندییەکان بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و کولتوورییەوە پێشوازیی کرد.
«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»هەروەها ئامادەیی ئێرانی بۆیارمەتیدانی چارەسەریی ململانێ ناوچەییەکان و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشت لە ناوچەکە بەدواداچوونی پرۆسەی سیاسی سوریا ڕاگەیاندو وتیشی: تەنیا بە هاوکاری و هەماهەنگیی نزیک لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەتوانرێت بناغەی ئاسایشی بەردەوام دابنرێت.
لەم وتووێژەدا «مەولود چاوش ئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕەوتی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا پەرە پێ دانی هاوکاریی ناوچەیی له گەڵ ئێرانی به بنیاتنەرو کاریگەر زانی.