کانونی دوھەم 22, 2023 15:44 Asia/Tehran
  • دەریادار ئێرانی : هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران ئارامیی بۆ ناوچەکەو جیهان دابین دەکات

فەرماندەی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هێزی دەریایی ئاشتی بۆ ناوچەکەو جیهان دابین دەکات.

ئەمیری دەریادار «شەهرام ئێرانی» فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران وتی: ئێستا زیاتر لە هەزار نوێنەرمان هەیە کە ئەرکی قورسی ھاوڕێیەتی کردنی کەشتیەکان ئەنجام دەدەن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەش وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان دا لە ڕووی ژیۆپۆلەتیکییەوە وڵاتێکی دەریایی دادەنرێت.

فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران باسی پلانی ئەم هێزە بۆ زیادکردن و بەهێزکردنی سەکۆی ئاوگەڕی لە بواری سەرئاوو ژێرئاویش وتی: پلانێکی دیکەی هێزی دەریایی ئەرتەش ئەوەیە کە لە قووڵایی دەریاکان و لە هەر ناوچەیەک دا ئامادەبن و لە پلەی یەکەم دا بەرژەوەندییەکانی حکومەتی پیرۆز کۆماری ئیسلامیی ئێران بیپارێزین.

ئەمیری دەریادار «شەهرام ئێرانی» وتیشی: چاودێری کردنی توانایی ژێرئاویی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دوژمن زۆر ئەستەمە و قەت ناتوانن ئاستی توانای ڕووبەرو موشەکیی ھێزەکانی ئرتەش ناس بکەن.

فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران جەختی لەوەش کردەوە: بۆ ساڵی 1402، مانۆڕێک بە بەشداریی وڵاتانی ئەقیانوسی هیند بەڕێوە دەچێت و چاومان لەوەیە بتوانین بە بەشداریی وڵاتانی دەریای خەزەر، مانۆڕێکی فریاکەوتن و ڕزگارکردن ئەنجام بدەین.

سەرپەیڤ