کەنعانی: بێدەنگیی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی جێی شەرمەزارییە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر دیمەشق و دەوروبەری ، بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژاوای لە بەرامبەر پێشێلکردنی دووبارەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە لایەن ڕژێمی دەستدرێژکاری زایۆنییەوە جێگای شەرمەزاری زانی.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی ئیسرائیل سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوی جۆلانی داگیرکراوی سووریاوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئەم وڵاتەو و سنووری ئاسمانیی سوریایان بەزاند.
هاوکات لەگەڵ ھێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سەکۆیەکی ڕادار لە باکووری پارێزگای «ئەلسویدە»، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە باشووری دیمەشقیش کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا لانیکەم ٢٠ کەس شەھید و بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە پەیتاپەیتا بوونی هێرشە نوێیەکانی ڕژێمی زایۆنی و هێرشەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش بۆ سەر نەتەوەی سووریا، پێوەندی و هەماهەنگیی ئەم دوو دیاردە تیرۆریستییەی بە پەیوەندییەکی سروشتی و ناخەکی زانی، کە لەم ھەل و مەرجەی وا گەلی سوریا لەگەڵ کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەدا دەستەوئێخەن لە ھەوڵی پەرە پێ دانی جەزرەبەو ئازارەکانی خەڵکی ئەم وڵاتەن.
کەنعانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییە بەرپرسیارەکان و بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە وەڵامی دەستبەجێ و جیددی و کاریگەریان هەبێت بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ڕژێمی تیرۆریستی زایۆنی بۆ سەر ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان.