ئادار 20, 2023 18:59 Asia/Tehran
  • بایکۆتە نوێیەکانی بەریتانیا دژی ئێران

دوابەدوای هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەم وڵاتە دژی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە بیانووی پرسی مافی مرۆڤ سزای نوێی بەسەر سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا سەپاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە بیانووی پرسی مافی مرۆڤ، حەوت بەرپرسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی لە لیستی بایکۆتەکانی سەر ئێران زیاد کردووە.

بەپێی ئەو سزایانەی بەریتانیا دیاریی کردوون، سەروەت و سامانی ئەو کەسانە لەم وڵاتەدا داخراوەو کۆمپانیاو هاوڵاتیانی بەریتانیا مامەڵەی دارایییان لەگەڵیاندا لێ قەدەغە کراوە؛ هەروەها ئەم کەسانە مافی گەشتکردن بۆ بەریتانیایان نییە و چوون و یان تێپەڕینیان لەم وڵاتە قەدەغەیە.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەبیانووی پرسی مافی مرۆڤ بەنیازە پاکێجی شەشەمی سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلێک جار هۆشداری داوە لە دەرئەنجامەکانی هەڵسوکەوتی دەستوەردەرانەی ڕۆژئاوا و ڕایگەیاندووە کە ئەو جۆرە کردەوانە بێ وەڵام نابن.

«ناسر کەنعانی چافی»، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گەلێک جار کردەوەی دژە ئێرانیی ڕۆژئاوای بە پێچەوانەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێسا و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان زانیوە.

«ناسر کەنعانی چافی» هەروەها ئاماژەی بە مافی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی گەمارۆ سەپێنراوەکان کردووەو جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران درێغی ناکات لە کەڵک وەرگرتن لە تواناو مافە یاساییەکانی خۆی لە پێناو ڕاگرتنی هەڵسوکەوتی هەڵەی ڕۆژئاواییەکان.

سەرپەیڤ