May 07, 2023 20:01 Asia/Tehran
  • کەنعانی چافی: کوشت و بڕی گەلی فەلەستین بووەتە ڕەفتارێکی ڕۆژانەی زایۆنیستەکان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: لە ئەنجامی بێدەنگەلێکردنی بە ئەنقەستی بانگەشەکارانی درۆینەی مافی مرۆڤ، تیرۆر و کوشتنی تێکۆشەرانی فەلەستینی و خەڵکی ئاسایی بووەتە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی زایۆنیستەکان.

«ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسی:  ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەرپرسیارێتی یاسایییان لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنی نەتەوەی فەلەستین لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکەر.

لەشکریانی ڕژێمی زایۆنی ڕۆژانە بە بیانووی جۆراوجۆر گەلی ستەملێکراوی فەلەستین شەهید و یان ڕاپێچیان دەکەن. ئینجا فەلەستینییەکانیش لە بەرامبەر ئەم تاوانانەدا ئۆپەراسیۆنی دژە زایۆنی ئەنجام دەدەن.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی شەممە، هێزەکانی زایۆنی هێرشیان کردە سەر کەمپی «نوور شەمس» لە تولکەرم و لە ئەنجامدا دوو ئەندامی خۆڕاگریی فەلەستین شەهید کران.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە شارۆچکە نشینێکی زایۆنیش دوای بەشەڕھاتن لەگەڵ لاوێکی فەلەستینی لە شارۆچکەی «سەندەلە»، لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا تەقەی لە «دیار عومەری» کرد و شەھیدی کرد.

سەرپەیڤ