ڕەخنەی ئەمیرعەبدوڵاهیان لە دەسدرێژیی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر سوریا و عێراق
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دەسدرێژیی ئەمدواییەی ئەمریکا سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ ستراتژیی هەڵەی حکومەتی ئەم وڵاتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای سەربازیگەرییەوە.
حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ لە دیداری هانس گرووندبێرگ نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری یەمەن بە شەرمەزارکردنی پەلامارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سوریا، ڕایگەیاند کە سەرچاوەی ئەم کردەوانەی سوپای ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ درێژەپێدرانی ستراتژیی هەڵە و بێدەسکەوتی واشینگتۆن سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای زەخت و زۆر و سەربازیگەرییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی ئەم دیدارەدا بە ئاماژە بە بەردەوامبوونی ئێران لە دامەزراندنی ئاشتی و ئارامییەکی پاوەجێ لە یەمەن، وتی: هەوڵەکانی ئێمە لە پێناو دامەزراندنی پاوەجێی و ئاسایش لە سەرانسەری ناوچەکە بەسودی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەبێ.
"هانس گرووندبێرگ" نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری یەمەنیش ڕاپۆرتێکی ئاراستە کرد سەبارەت بە هەنگاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو دامەزراندنی ئاشتی و ئارامی لە یەمەن و کەم کردنەوەی کێشە و گرژییەکان لە نێو ئەم وڵاتە، هەروەها پێیشی داگرت لە سەر پێویستیی چارەسەرکرانی ڕیشەیی قەیرانەکانی ناوچە بە دەکارهێنانی توانا و پوتانسییەلەکانی نێو خودی ناوچەکە.