پزشکیان: ئەمریکا بۆمبی داخستە سەر مێزی دانوستان
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئێمە لە سەر مێزی دانوستان بووین. ئەمریکا بە ئێمەی وتبوو کە تا ئەو کاتەی ئەوان ئیزن نەدەن ئیسراییل هێرش ناکات.
بەڵام لە کۆبوونەوەی شەشەمدا لە کاتێکدا کە ئێمە هێشتایش هەر خەریکی دانوستان بووین، بە کردەوە بۆمبیان داخستە سەر مێزی دانوستان و دیپلۆماسییان تیابرد. مەسعوود پزشکیان لە وتووێژ لەگەڵ "تاکێر کارڵسۆن"، پێشکەشکاری بەناوبانگی ئەمریکایی وتی: نەتانیاهۆ لە ساڵی ١٩٩٢ بەم لاوە ئەم بیر و بۆچوونەی برەوپێداوە کە ئێران لەدووی سازکردنی چەکی ئەتۆمیدایە. ئێمە بە هیچ لەونێ لە دووی سازکردنی چەکی ئەتۆمی نەبووین، نین و ناشبین. ئەمە فەرمان و فەتواییەکە کەلە لایەن مەقامی مەزنی ڕێبەرییەوە دەرکراوە و هاوکاریی تۆکمەی ئێمە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە جاران سەلمێندراوە، بەڵام بە داخەوە بەو کردەوە و ئاکارەی ئەوان ئەم پرۆسەیە تێکشێوا. لەبەر ئەو پەلامارانەی کە ڕژێمی زایۆنی بە کەڵکوەرگرتنی نادرووست لە زانیارییەکانی پشکێنەران ئەنجامی دا، ڕەشبینی هاتۆتە ئاراوە. بەداخەوە ئاژانس تەنانەت پەلاماردرانی ئەو بنکانەیش کە لە ژێر چاودێری خۆیدا بوون و ئێمە بە پێی ئێن پی تی قبووڵمان کردبوو، شەرمەزار نەکرد. ئەمەش بۆتە هۆی نەمانی متمانەی خەڵک و یاسادانەرانی ئێمە بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی. نابێ ڕێگا بدرێ ڕژێمی زایۆنی ئاگر بەرداتە ناوچەکە. سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەتوانێ بە کۆنترۆڵکردنی نەتانیاهۆ کۆتایی بێنێ بە شەڕ و خوێنڕشتن. ئەم بڕیارەیش بەسراوەتەوە بە سیاسەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا.