عەراقچی: ئێران هەر پێبەندە بە بەڵێنی خۆڕاگریی خۆی
وەزیری دەرەوەی ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران سەرەڕای هەموو گوشارەکان لەسەر بەڵێن و ئەرکی خۆڕاگریی خۆی ڕاوەستاوە، وتیشی: ڕێگا نادەین ئەو خوێنە بەناحەق ڕژاوانە لەبیر بکرێن یان پشتگوێ بخرێن؛ نە لەبیرمان دەچێت و نە لێی خۆش دەبین.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنی "موحەڕەم و عاشورا لە ئاوێنەی بەڵگەکانی وەزارەتی دەرەوەدا" بە ئاماژە بە پێگەی کولتووری عاشورا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و نەتەوەکانی دیکە وتی: پێداچوونەوە بە سەر سەدان بەڵگەنامەی مێژوویی نیشان دەدات کە پاراستنی پیرۆزایەتی و پیرۆزگەکان و بەرەوپێشبردنی کولتووری عاشورا بەشێک بووە لە پابەندبوونی نەتەوەیی و شوناسی دیپلۆماسیی ئێرانییەکان لە پێوەندییان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی جیهاندا." عەراقچی بە ئاماژە بە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی عاشورا لە شارەکانی وەک پتێرزبۆرگ، ئەستەموڵ، قەفقاز و شارەکانی هیندستان، وتیشی: ئەم بەڵگەنامانە ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی کۆن و ڕیشەداریی ئێرانییەکان لەگەڵ جیهانە، ئەویش لە پەنجەرەی موحەڕەم و عاشوراوە و ئاماژەن بۆ ڕۆڵی ئێران لە بەرەوپێشبردنی بەها مرۆیی و مەعنەوییەکان.وەزیری دەرەوەی ئێران پێیداگرت: لە چینە قووڵ و شاراوەکانی ئەم بەڵگەنامانەدا، "سەربەرزی و سەربەستیی شارستیانییانەی ئێران بەرامبەر بە سیستەمی زاڵێتخواز و زلهێزانی ئیستیعماری بەدی دەکرێ و دیپلۆماسیی ئێران لەم بەڵگەگەلەدا، دیپلۆماسییەکی هەلپەرستانە ، وشک و داخراو نییە، بەڵکوو دیپلۆماسیەکە لە سەر بنەمای مرۆڤایەتی کە هەموو هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی بەها مرۆییەکان.عەراقچی لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە پێشهاتەکانی ئەمدواییە وتیشی: ئێران سەرەڕای هەموو فشارەکان لەسەر بەڵێنی خۆڕاگریی خۆی وەستاوە و ان شاءاللە هەر دەوەستێ. ناوبراو وتیشی: ئێرانی ئەمڕۆ ئێرانێکە کە بەرامبەر بە زریانی نامرۆڤایەتی و چەوساندنەوە وەستاوە و ڕێگا نادەین ئەو خوێنەی بە ناحەق ڕژاوە لەبیر بکرێت یان پشتگوێ بخرێت. ئێمە نە لەبیرمان دەچێت و نە لێی خۆش دەبین”.