عێراقچی: پێویستە دۆستانی کوردمان وریا بن لەحاند فێڵ و دهۆکانی ئاڵای ساختە
وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاردانەوە بە هەواڵی هێرشکرانەسەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق جەختی کرد: پێویستە دۆستانی کوردمان وریای پیلانی ئاڵای ساختە بن کە بەئامانجی دووبەرەکی نانەوە لەنێوان دراوسێکاندا پلانی بۆ دادەڕێژن.
سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاردانەوە بە هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسی: هیچ شتێک پاساو بۆ ئەم هێرشە بێباکانەیە ناهێنێتەوە. دۆستانی کوردمان وریای ئەو پیلانانە بن کە ئامانجیان تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان دراوسێکانە. ئێمە پاڵپشتی دۆستانی کوردمان بووین لە بەرامبەر سەدام و داعشداو سوپاسیشیان دەکەین لەبەر هەوڵدانیان بۆ چەسپاندنی ئاسایشی سنورەکان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، هێرشەکەی شەرمەزار کرد و بە پێشهاتێکی زۆر گوماناوی وەسفی کرد کە پێویستە بە وریایی و وردبینییەوە لەبەرچاو بگیرێت.
ئیسماعیل بەقائی بە جەختکردنەوە لەسەر ئیرادەی ئێران بۆ پاراستن و پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارە هاوبەرژەوەندییەکاندا، جەختی لە پێویستی هەموو لایەنەکان کرد کە پێکەوە کاربکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانە ترسناکەکانی دوژمنانی دوو وڵات، ئێران و عێراق و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە پەیوەندیی برایەتیی نێوان هەردوو نەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە هۆشدارییەکانی پێشووی بەرپرسانی عێراق لەوانە؛ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وڵات سەبارەت بە دۆزینەوەی شانەکانی سەر بە هەندێک لایەنی بیانی لەو وڵاتە کە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی "ئاڵای ساختە"دا بوون، داوای وریایی و چاوکراوەیی زیاتری هەموو لایەنەکان لەو بارەیەوەی کرد.
عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە دوورەدەست و بێ بەشەکان، لە لاپەڕەی سۆشیال میدیای خۆیدا لە وەڵامی ئەو هێرشەدا نووسیویەتی: "رێگە بە هیچ هێرش و پیلانێک نادەین درز لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دروست بکات، پێویستە ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن و تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت". ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمیان کردە ئامانج.