ئاب 15, 2023 17:59 Asia/Tehran
  • خۆبەكەمزانیی منداڵان چییە؟

زۆرن لەو منداڵانەی لەناو كۆمەڵگەدا هەست بە خۆكەمزانیی دەكەن بەهۆی چەند هۆكارێكەوە، توێژەرێكیش خۆبەكەمزانیی منداڵان دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆكاری سەرەكیی پەروەردەی خێزان.

ئەمڕۆ سێشەمە 15 ئاب، دانا شوانی توێژەری كۆمەڵایەتی، بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری خۆبەكەمزانیی منداڵ زۆرن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زۆریان پێوەندییان بە خێزانەوە هەیە، لە خێزانیشدا پێوەندیی راستەوخۆی بە پەروەردەی دایك و باوكەوە هەیە.

ئەو دەڵێ، منداڵ لە تەمەنی بوونیەوە تا تەمەنی 12 ساڵی پێی دەوترێ منداڵ، لە 12 ساڵی بۆ 18 ساڵی پێی دەگوترێ هەرزەكار، لە شەش ساڵی تا 12 ساڵی، یەكەم بناغەی كەسایەتی لە شەش ساڵی یەکەمدا دروست دەکات، لەو تەمەندا ئەرك و مافی پێ نەدرێ، جگە لەوەش زۆر سەرزەنشت بكرێ یان لێی بدرێ لە بەرچاوی خوشك و براكانی یا كەسانی تر، هەموو ئەوانە دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی منداڵ هەست بە خۆكەمزانیی بكات.

ئەو توێژە ئاشكرای كرد، گەورەترین كێشەی كۆمەڵگەی كوردی ئەوەیە ئەرك ناداتە منداڵەكەی، پێی وایە منداڵ نابێت كار بكات، لە كاتێكدا هەموو مرۆڤێك بۆ ئەوەی بناغەی كەسایەتیی دروست بكات، دەبێت ئەركی هەبێت، ئەركیش بەپێی تەمەن دەگۆڕێ، فەزای كۆڵان كە منداڵ ڕەوانەی دەرەوە دەكەی، پەروەردەی هاوڕێكانی رەنگە لە كولتوور و پەروەردەی تۆوە دوور بێت، سێیەم هۆكار بریتییە لە قوتابخانە، ئەگەر مامۆستا توندوتیژ بێت لەگەڵ قوتابییەكە، بەردەوام سەرزەنشتیی قوتابییەكە بكرێت، منداڵەكە هەستی خۆبەكەمزانیی تێدا زیاتر دەبێت.

دانا شوانی دەڵێ، بۆ ئەوەی كەسایەتییەكەی بگۆڕی كە لەگەڵ تەمەنی گەشە نەكات، كاتێكی ئێجگار زۆری دەوێ، بۆیە سەرەتاترین كار لەناو خێزاندا بكرێت، سەرزەنشتی منداڵ نەكرێت لە هەموو روویەكەوە، ئاساییە ئامۆژگاریی منداڵ بكرێت چی راستە و چی هەڵەیە، تۆ بەردەوام سەرزەنشتی بكەی، كە گەورە بوو ناتوانێ پشت بەخۆی  ببەستێت لە بچووكترین شت تا گەورەترین شت، پێویستە خێزان ئاراستەی بیركردنەوەیان بگۆڕن، پاداشت و سزا هەیە، بۆیە دەتوانێت جارجارە پاداشتی بكات، مەرج نییە پاداشتەكە پارە بێت، دەتوانی بە دوو قسەی خۆش پاداشتی منداڵەكە بكەی.

 

 

 

سەرپەیڤ