بەردی گورچیلە؛ هۆكارەكان، نیشانەكان، خۆپاراستن و چارەسەری
بەردی گورچیلە کە زمانی عەرەبی "حصى الكلى" و لە ئینگلیزیشدا "Nephrolithiasis" پێی دەوترێت، بریتییە لە نیشتووی ڕەقی بچووکی کانزای خوێ و ترشی لە بەشی ناوەوەی گورچیلەکان؛ بەشێوەیەکی ئاسایی ئەو ماددانەی کە دەبنە هۆی دروستبونی بەردی گورچیلە لە میزدا ڕون دەبن، بەڵام کاتێک میز چڕ دەبێتەوە ئەو ماددانە دەبنە کریستاڵ و پاشان بە یەکەوە دەنووسێن و ڕەق دەبن کە ئەنجامەکەی دروست بوونی بەردی گورچیلەیە. زۆربەی بەردە گورچیلەیەکەن پێکهاتوون لە کالیسیۆم.
هاتنە خوارەوەی بەردی گورچیلە زۆر بە ئازارە؛ ژانەکەی ئەم هاتنە خوارەوە بە زۆری لە تەنیشتەکانی پشت دەست پێدەکات، هەروەها ژانەکەی دەداتە بەشی خوارەی سک. زۆر گرنگە بزاندرێت نەخۆش چی جۆرە بەردێکی گورچیلەی هەیە و بۆ چی دروست بووە، تاوەکوو بەردی گورچیلە نەجووڵێت، زۆر ئەستەمە کە هەست بە بوونی بکرێت.
هۆکارەکانی دروست بوونی بەردی گورچیلە
کاتێک کە هاوسەنگیی پێکهاتەکانی ناو میز (شلە و چەندین جۆری كانزا و كریستاڵ و ترشەكان) تێکدەچێت، ڕێگا بۆ درووستبوونی بەردی گورچیلە خۆش دەبێت. هەندێك پاڵنەری ديكه ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەكەن، لەوانە:
١- لە هەندێک بنەماڵەكاندا زۆرتر بەردی گورچیلە دەبینرێت کە ئەمەش بەهۆی هۆكارە بۆماوەییەكانە.
٢- هەندێك جار هیچ هۆكارێكی دیار نادۆزرێتەوە.
٣- کەم خواردنەوەی شلەمەنییەکانی وەکوو ئاو وادەكات میز چڕ ببێتەوە، بەمەش مەترسی دروست بوونی بەردی گورچیلە زیاتر دەبێت.
٤ـ زۆر خواردنی سپیناخ، ڕێواز، فستەق، گوێز، چا، قاوە هەندێك جار دەبێتە هۆكار بۆ تووشبوون بە بەردی گورچیلە.
٥ـ زۆر خواردنی گۆشتی سوور هۆكارێكە بۆ دروستبوونی بەردی جۆری ئۆكسیدی یۆریا.
٦- بەكارهێنانی بڕێكی زۆر ڤیتامین C زیاتر لە ١٠٠٠ ملیگرام لە ڕۆژێكدا لەوانەیە ببێتە هۆكاری زیادبوونی بەردی گورچیلە.
٧- جۆرێكی تر لە بەردی گورچیلە ناوی بەردی سترۆیتیە كە لە هەوكردنی میزدا دەبینرێت و ژنان زۆرتر دووچاری دەبن.
بە گشتی، تەمەن و ڕەگەر زۆربەی ئەوانەی تووشی بەردی گورچیلە دەبن لە ڕەگەزی نێردان. هەروەها قەڵەوی و کێشەی کۆئەندامی هەرسیش دەتوانن ببنە هۆکاری دروستبوونی بەردی گورچیلە.
نیشانەکانی بوونی بەردی گورچیلە
تاكو بەردی گوڕچیلە نەجووڵێت و نەیەتە خوارەوە ئەوا ئەستەمە هەست بە بوونی بكرێت. کاتێکیش کە بەردەکە جووڵا و بەرەو خوارەوە بەڕێکەوت، لەوانەیە ئەم نیشانانەی خوارەوە رووبدەن کە بریتین لە:
ئازارێک لە تەنیشتی پشت خوار پەراسووەکان.
گۆران لە توندی ژانەکە لەوانەیە ٢٠بۆ ٦٠ خولەک بخایەنێت.ئازارەکە لە پشتەوە دەداتە بەشی خوارەوەی سک.بوونی خوێن لەنێو میز و ئێش و ئازار لەکاتی میزکردن.هێڵنجدان و ڕشانەوە.تا و لەرز و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش.
خۆپاراستن لە دروست بوونی بەردی گورچیلە
لە زۆربەی بارەکاندا دەتواندرێت خۆپارێزی لە دروستبوونی بەردی گورچیلە بکرێت: گۆڕانكاری لە ژیانی رۆژانە؛ زۆر خواردنەوەی ئاو، زیاتر لە ١٤ پەرداخ ئاو یا ٣،٣ لیتر لە شلەمەنی. لە كەش و هەوای گەرم پێویستە زیاتریش بخوورێتەوە. ئاو باشترین شلەیە بۆ خواردنەوە، هەروەها رۆژانه خواردنەوەی پەرداخێك لە شەربەتی لیمۆی سروشتی مەترسی دروست بوونی بەردی گورچیلە كەم دەكاتەوە.
چارەسەریی بەردی گورچیلە
ئەگەر بە گۆڕینی ستایلی ژیان بەردەكە دانەبەزی، ئەوا پزیشك بیر لە پێدانی دەرمان، یان شكاندنی بەردەكە بە لێدانی شەپۆل و تیشكی تایبەتمەند یان دەرهێنانی بە هەناوبین دەكاتەوە و هەندێكجار پێویست بە نەشتەرگەری كراوەش دەكات. بە پێی جۆری بەردەکان ئەم چارەسەرە سەرەکیانە سوودی باشی بە نەخۆشەکە دەگەینێت:
A/ Calcium Stones: بۆ چارەسەری ئەم جۆرە بەردە ماددەی (Potassium Citrate) و گرووپی دەرمانی (Diuretics) سوودێکی باش لە فڕێدانی بەردەکە بە نەخۆشەکە دەگەیێنن.
B/ Uric acid Stones: بۆ چارەسەری ئەم جۆرە بەردە ماددەی (Potassium Citrate) و دەرمانی (Allopurinol) سوودێکی باش لە فڕێدانی بەردەکە بە نەخۆشەکە دەگەیێنن.
C/ Struvite Stones: بۆ چارەسەری ئەم جۆرە بەردە دەرمانە دژە بەکتریاکان بەکاردەهێنرێت بۆ فڕێدانی بەردی گورچیلە هەروەها دەرمانی بەهێزی دژە بەکتریا وەک (Acetohydroxamic acid) بەکاردێت.
D/ Cystine Stones: بۆ چارەسەری ئەم جۆرە بەردە ماددەی (Potassium Citrate) و دەرمانە (Antioxidant)ـکان سوودیان هەیە لە لابردنی ئەم جۆرە بەردەی گورچیلە.
هەندێک دەرمانی دیکەش هەن کە بۆ کێشەکانی گورچیلە و میزەڕۆ بە تایبەت بۆ چارەسەری بەردی گورچیلە و خاوێن کردنەوەی گورچیلە و میزەڕۆ لە قوم و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشەکە بەکار دێن؛ لەوانە، زۆرجار دکتۆر دەرمانی (Tamsulosin) بۆ یارمەتیدانی نەخۆش بۆ فڕێدانی بەردی گورچیلە دەنووسێت؛ لەبەر ئەوەی لووسە ماسولکەکانی گورچیلە و میزەڕۆ خاو دەکاتەوە و ئاسانتر بەردەکە فڕێ دەدات و نەخۆشەکە ئازاریشی کەمتر دەبێت. بەتایبەت ئەو بەردانەی کەوا قەبارەیان لە نێوان 5mm بۆ 9mmـه دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت و لەلایەن دکتۆرەوە بۆ هەردوو ڕەگەز دەنووسرێت.