ئادار 13, 2025 16:00 Asia/Tehran
  • ڕفینی چاو چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت

ڕفینی چاو (بە ئینگلیزی: Over Blinking of Eye) نیشانەیەکی بێزارکەری باوە لە نێو خەڵکدایە و بە حاڵەتی کەشەنگبوونی خۆنەویستانەی ماسولکەکانی چاو پێناسە دەکرێت؛ بە شێوەیەکی ئاسایی لە چەند چرکەیەکدا ڕوودەدات و هەندێک جار چەند خولەکێک دەخایەنێت و لەوانەیە بە ڕۆژ یان هەفتەش بەردەوام بێت.

خورافە و دەرەمۆکەکان دەربارەی ڕفینی چاو

سەبارەت بە ڕوودانی ڕفینی چاو لەنێوان زانست و دەرەمۆکدا، لایەنی دەرەمۆک ئەوەیە کە کەلتووری خەڵکی لێکدانەوەو ڕونکردنەوەی جیاوازی هەبێت سەبارەت بە ڕوودانی ڕفینی چاو. هەندێک لەو دەرەمۆکە زۆرانەی پەیوەستن بە ڕفینی چاوەوە:

- لە کەلتووری چینی، هیندی، هاوایی، کامیرۆنی و فۆلکلۆری نایجیری، ڕفینی چاو نیشانەی گۆڕانی ڕووداوەکانی ژیانە وەکوو مردن لە خێزاندا، دەستگەیشتن بە پارە و منداڵبوون.

- لە وڵاتی چین لێکدانەوەی پێشهاتەکان لە کاتی ڕوودانی ڕفینی چاودا پەیوەستە بە جیاوازی کاتەوە؛ واتە پشت دەبەستێ بە کاتژمێری ڕۆژ و شەو. بۆ نموونە ئەگەر ڕفینی چاو لە کاتژمێر ٤ـی بەیانیدا ڕووی دا ئەوا ئاماژەیە بەوەی کە ڕووداوێکی خۆش ڕوو دەدات. لە کاتێکدا ئەگەر لە نیوەڕۆدا ڕوو بدات، ئەوا کارەساتێک نیشان دەدات.

 

هۆکار و لێکەوتە خراپەکانی ڕفینی چاو

هۆکاری زانستیی کێشەی ڕفینی چاو دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی دەروونی یان گرفتی پەیوەست بەتەندروستی چاوەوە، لە هۆکارە گرنگەکانی ڕوودانی ڕفینی چاو ئەمانەن:

- گرفتی ماسولکەکانی چاو یان بەهۆی کێشەی بەشی ناوەکی چاوەوە.

- فشاری دەروونی.

- ماندوێتیی زۆر و لەڕادەبەدەر.

- بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە کافایین.

- جگەرە کێشان.

- خواردنەوەی کحول.

- ڕووناکی زۆر، بای بەهێز و گەردەلوول.

- چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کە تووشی چاو دەبێت وەکوو وشکبوونەوەی چاو، هەوکردنی پێڵوی چاو، هەوکردنی ڕەنگێنەی چاو، ڕووشانی کۆڕنیە.

 - هەبوونی کێشە لە دەمار و کارەباییەتی مێشک و ئەوانەی پەیوەستن بە جووڵەوە وەکوو نەخۆشی پارکینسۆن (Parkinson Disease) و هەروەها ڕەقبوونی مل و ئیفلیجی ماسولکەکانی ڕوخسار وەکوو نەخۆشی ئیفلیجی بێڵ (Bell's palsy).

 

چارەسەریی ڕفینی چاو

ڕفینی چاو بە شێوەیەکی خۆکارانە لە ماوەی چەند ڕۆژ یاخود چەند هەفتەیەکدا دەوەستێت. ئەگەر حاڵەتەکە درێژەی کێشا یان کاتێک نیشانەکانی تر دەرکەوتن، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. هەروەها دەبێت هەوکردنی چاوەکان، توشبوون، تێکچوونی دەموچاو دیاری بکرێت و هەوڵ بدرێت هۆکارەکە بدۆزرێتەوە و چارەسەر بکرێت.

 

ڕفینی چاو لە چەند ڕێگەیەکەوە چارەسەر دەکرێت:

 • پشوودانی پێویست (ڕێکخستنەوەی خەو).

 • خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی کافایین.

 • پاراستنی شێداریی چاو.

 • بەکارهێنانی گەرمی.

 • دەرزی بۆتۆکس بۆ ڕاگرتنی کەشەنگبوونی ماسولکەکانی چاو بۆ ماوەی چەند مانگێک.

 • لە حاڵەتە سەختەکانی ڕفینی چاودا، لەوانەیە نەشتەرگەری بکرێت بۆ لابردنی بەشێک لە ماسولکەکان و دەمارەکان.

سەرپەیڤ