وڕێنە؛ تێکچوونی لەناکاوی فەرمانی هۆش
وڕێنە حاڵەتێکی دەروونیی توندە بریتییە لە تێکچوونی لەناکاوی فەرمانی هۆش لەوانە شێوازی بیرکردنەوە، ڕەفتارکردن و ئاستی ئاگایی. ئەم گۆڕانانەش لە فەرمانی هۆش کار دەکەنە سەر توانای یادەوەری و سەرنجدان.
لە حاڵەتی وڕێنەدا (Delerium) کەسەکە تووشی سەرلێشێوان، ونبوون و سەرسوڕمان دەبێت، لە ژینگەی دەوروبەری بێئاگا دەبێت و ناتوانێت بەباشی بیر بکاتەوە و شتی بیربێتەوە. زۆرجار ئەم حاڵەتە لەناکاو دەست پێ دەکات و هەروها هەندێک جار بۆ ماوەی کاتی بەردەوام دەبێت و دەکرێت چارەسەر بکرێت.
جۆرەکانی وڕێنە
- وڕێنەی سست: کاتێک کەسێک ناچالاکە واتا خەواڵوو، ماندوو و خەمناک دەردەکەوێت
- وڕێنەی چالاک: کاتێک کەسێک بێ ئۆقرەیە و بە جۆش و خرۆشە، میزاجی بەخێرایی دەگۆڕێت و هەلوەسە دەکات، هەروەها ڕەتی دەکاتەوە کە چاودێری بکرێت
- وڕێنەی تێکەڵ: کاتێک کەسێک لەنێوان نیشانەکانی حاڵەتی چالاک و ناچالاکدا بەخێرایی دێت و دەچێت
نیشانەکانی وڕێنە
نیشانەکانی وڕێنە زۆرجار لەناکاو دەست پێ دەکەن لەماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک؛ هەندێک جار نیشانەکان دێن و دەڕۆن واتا بۆ ماوەیەک نامێنن و دیسان دەست پێ دەکەنەوە، باوترین نیشانەکانی وڕێنە بریتین لە:
- گۆڕان لە وریایی، بۆ نموونە کەسەکە لە ڕۆژدا زیاتر وریا و بەئاگا دەبێت و لە شەودا کەمتر
- گۆڕان لە ئاستی ئاگایی و هەستکردن بە ژینگەی دەوروبەر، بۆ نموونە لەسەر بابەتێک گیر دەبێت لەجێی ئەوەی کاردانەوەی هەبێت، ناتوانێت سەرنج بخاتە سەر بابەتێک یان داڵغە لێ دەدات
- شڵەژان و سەرلێشێوان
- قسەکردنی بێسەروبەر، واتا قسەکردنێک کە هیچ مانایەکی نەبێت
- تێکچوونی خەو و خەواڵوو بوون
- گۆڕانی سۆزداری: تووڕەبوون، هەڵچوون، خەمۆکی، بێزاربوون یان زۆر دڵخۆشبوون
- هەلوەسە و خەیاڵی پڕوپووچ
- خۆڕانەگرتن و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی خود یان بێئۆقرەیی
- خاوبوونەوە و بێدەنگ بوون
- کێشەی هزری: وەکوو کێشە لە یادەوەری، بەتایبەتی یادەوەریی کورتخایەن، زەحمەتی لە قسەکردن و خوێندنەوە و نووسین یان تێنەگەیشتن لە قسەی کەسانی تر
هۆکارەکانی وڕێنە
- کحول و ماددە هۆشبەرەکان: لە هەردوو حاڵەتی ژەهراویبوون بە بەکارهێنان و وازلێهێناندا دەکرێت ببنە هۆی وڕێنە. کۆنیشانەیەکی مەترسیداری وازلێهێنانێ کحول هەیە کە پێی دەوترێت لەرزە وڕێنە (بە ئینگلیزی: Delirium tremens)، بە گشتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە دوای چەند ساڵێک لە خواردنەوی بەردەوامی کحول، وازی لێ دەهێنن.
- کێشەی مێتابۆلیکی، وەکوو ناهاوسەنگی لە ئەلیکترۆلایتەکاندا بۆ نموونە کەمیی سۆدیۆم یان کالسیۆم
- خەواندن لە نەخۆشخانە، بەتایبەتی لە یەکەی چاودێریی چڕ
- تووشبوونی میکرۆبی، وەکوو تووشبوونی میکرۆبیی میزەڕۆ، تووشبوونی میکرۆبیی سییەکان (Pneumonia) و ئەنفلۆنزا (Flu).
- خەڵەفان
- وشکبوونەوەی جەستە و بەدخۆراکی
- لەکارکەوتنی ئەندامی جەستە، وەکوو گورچیلە و جگەر
- ژەهراویبوون، وەکوو ژەهراویبوون بە سیاناید و یەک ئۆکسیدی کاربۆن
- نەخۆشییە کوشندەکان
- ئازاری توند
- خەوزڕان
- نەشتەرکاری، بۆ نموونە کاردانەوە بۆ سڕکەرەکان
دەستنیشانکردنی وڕێنە
- وەرگرتنی مێژووی پزیشکی و پرسیارکردن لەبارەی نیشانەکانەوە
- تاقیکردنەوەی جەستەیی و دەماری
- پشکنینی هۆشەکی
- پشکنینی تاقیگەیی
- پشکنینی تیشکیی مێشک، وەکوو ئێم ئاڕ ئای سکان (MRI) و سی تی سکان
وڕێنە و خەڵەفان زۆر نیشانەی هاوشێوەیان هەیە، بۆیە جیاکردنەوەیان زەحمەتە و دەکرێت بەیەکەوەش ڕووبدەن. بە گشتی وڕێنە لەناکاو ڕوودەدات و دەکرێت هەلوەسەشی لەگەڵ بێت، دواتر نیشانەکان دەکرێت بەرەو باشبوون یان خراپتر بوون بچن، هەروەها بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند حەفتەیەک بەردەوام دەبێت. بەڵام خەڵەفان بەهێواشی پەرەدەسەنێت و نابێتە هۆی هەلوەسە، هەروەها نیشانەکان جێگیرن و بۆ ماوەی چەندین مانگ و ساڵ بەردەوام دەبن.
کێ لە مەترسیدایە بۆ وڕێنە؟
- مانەوە لە نەخۆشخانە یان لە خانەی بەساڵاچووان
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی مێشک، وەکوو خەڵەفان، پارکینسۆن و جەڵتەی مێشک
- پێشینەی وڕێنە
- پەککەوتنی بینین و بیستن
- تووشبوون بە نەخۆشیی کوشندە یان هەبوونی زیاتر لە نەخۆشییەک
- تووشبوون بە میکرۆب
- پیربوون
- نەشتەرکاری
- وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کار لە مێشک و ڕەفتار دەکەن
- وەرگرتنی ژەمێکی زۆری دەرمانە ئازارشکێنەکان، وەکوو ئۆپیۆیدەکان