ئادار 31, 2025 08:23 Asia/Tehran
  • هەموو زانیاریێک لەسەر حاڵەتی ڕشانەوە (١)

ڕشانەوە بریتییە لە خاڵیکردنێکی بەهێزی پێکهاتەکانی ناو گەدە.

دەکرێت ئەگەر ڕشانەوە (Vomiting) یەکجار ڕووبدات پەیوەندی بە شتێکەوە هەبێت کە گەدە نەتوانێت وەری بگرێت و بەتەواوی هەرسی بکات؛ بەڵام ئەگەر چەند جارێک دووبارە بوویەوە ئەوا دەکرێت هۆکارەکەی حاڵەتێکی تەندرووستی بێت. ڕشانەوەی یەک لەدوای یەک دەکرێت ببێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، ئەگەر وشکبوونەوەی لەش چارەسەر نەکرێت ئەوا دەتوانێت مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسی تووشبوو درووست بکات.

 

هۆکارەکانی ڕشانەوە چین

ڕشانەوە خۆی بەتەنها حاڵەتێکی تەندرووستی یان نەخۆشی نییە، بەڵکوو نیشانەیە بۆ حاڵەتێکی تەندرووستی. کە هەندێک لە ئەو حاڵەتە تەندرووستیانە بریتیین لە:

  •     ژەهراویبوون بە خۆراک
  •     هەرس نەکردن
  •     تووشبوونی میکرۆبی (پەیوەستکرابێت بە نەخۆشییە بەکتریا یان ڤایرۆسییەکان)
  •     دەردە جووڵە
  •     دووگیانی
  •     سەرئێشە
  •     هەندێک جۆری دەرمان
  •     بێ‌هۆشی
  •     نەخۆشیی کرۆن
  •     چارەسەری کیمیایی

 

ئەگەر ڕشانەوەی یەک لەدوای یەک پەیوەست نەبوو بە هیچ یەکێک لە ئەم حاڵەتە تەندرووستیانەوە، ئەوا دەکرێت نیشانە بێت بۆ تووشبوون بە کۆنیشانەی سوڕی ڕشانەوە. ئەم حاڵەتە بەوە دەناسرێتەوە کە کەسەکە زیاتر لە دە ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە ڕشانەوە. ئاساییانە ڕشانەوەکە دڵتێکچوون و لەدەستدانی وزەی لەشی لەگەڵدایە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت. کۆنیشانەی سوڕی ڕشانەوە ئاساییانە کاردەکاتە سەر منداڵانی تەمەن سێ بۆ حەوت ساڵان. بە نزیکەیی لە ١٠٠,٠٠٠ منداڵدا سێ منداڵ تووشی دەبن. ئەم حاڵەتە وا لە کەسی تووشبوو دەکات لەماوەی ساڵێکدا چەند جارێک بەم شێوەیە بڕشێتەوە، کە ئەگەر بە چارەسەرنەکراوی جێ بهێڵدرێت، دەکرێت چەندین ئاڵۆزی تری وەک ئەمانەی خوارەوەی بەدوادا بێت:

  •     وشکبوونەوە
  •     کلۆربوونی ددان
  •     هەوکردنی سورێنچک
  •     برینی سورێنچک

 

فریاکەوتنی خێرا

هەرچەندە ڕشانەوە نیشانەیەکی باوە، بەڵام دەکرێت هەندێک جار پێویستی بە ئاگاداری و فریاکەوتنی خێرای پزیشکی بێت. کەواتە ئەگەر ئەم نیشانانەی خوارەوەت هەبوو پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەیت:

 

  •     زیاد لە یەکجار ڕشانەوە لە ڕۆژێکدا.
  •     پێشبینی ژەهراویبوون بە خۆراک.
  •     سەرئێشەی توند کە مل ڕەقبوونی لەگەڵدایە.
  •     ئازارێکی توندی سک.

هەروەها ئەگەر ڕشانەوەکەت خوێنی لەگەڵدا بوو پێویستە داوای فریاکەوتنی خێرا بکەیت، کە ئەم حاڵەتە بە خوێن هێنانەوە (Hematemesis) ناسراوە، نیشانەکانی خوێن هێنانەوە بریتیین لە:

 

  •     هێنانەوەی بڕێکی زۆر لە خوێنی سوور.
  •     کاتێک تف دەکەیت خوێنێکی ڕەنگ تاریکی تێدایە.
  •     کاتێک دەکۆکیت لە کۆکەکەتدا ماددەی وەک دەنکی قاوەی تێدایە.

 

هۆکارەکانی خوێن هێنانەوە بریتیین لە:

  •     برین.
  •     زیانگەیشتن بە لوولەی خوێن.
  •     خوێنبەربوونی گەدە.
  •     هەروەها دەکرێت بەهۆی چەند جۆرێکی شێرپەنجەوە بێت.
  •     ئەم حاڵەتە زۆرجار سەرسوڕانیشی لەگەڵدایە.
  •  

ئاڵۆزییەکانی ڕشانەوە

وشکبوونەوە باوترین ئاڵۆزییە کە پەیوەستە بە ڕشانەوەوە، ڕشانەوە تەنها نابێتە هۆی ئەوەی کە گەدەت خواردن بێهێنێتەوە بەڵکوو شلگازەکانی ناویشی دێنە دەرەوە. دەکرێت وشبکوونەوەی لەشت ببێتە هۆی:

  •     وشکبوونی دەم
  •     ماندوویەتی
  •     تۆخبوونی ڕەنگی میز
  •     کەمبوونەوەی میزکردن
  •     سەرئێشە
  •     سەرلێشێوان

ئەم وشکبوونەوەیە لە ئەو منداڵە تازە لەدایکبوو و منداڵانەی تردا کە دەڕشێنەوە حاڵەتێکی جدییە. منداڵی بچووک کێشییان کەمترە و شلگازێکی کەمتر لە لەشیاندا هەیە. ئەگەر منداڵەکەت نیشانەکانی وشکبوونەوەی هەیە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پێ بکەیت. بەدخۆراکی ئاڵۆزییەکی تری ڕشانەوەیە، کاتێک لەش شکست دەهێنێت لە هێشتنەوەی خۆراکە ڕەقەکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ماددە خۆراکییە گرنگەکان لەدەست بدات. ئەگەر هەست بە ماندوویەتی و بێهێزییەکی زۆر دەکەیت و زوو زوو دەڕشێیتەوە، سەردانی پزیشک بکە.