نیسان 13, 2025 14:27 Asia/Tehran
  • چۆنیەتی ناسینەوەی هەنگوێنی ئەسڵی بەبێ تاقیگە

هەنگوێن بە یەکێک لە شلەمەنییە شیرینەکان هەژمار دەکرێت، کە هەنگ بە بەکارهێنانی شیلەی گوڵ درووستی دەکات و بەپێی ڕەنگ پۆلێن دەکرێن؛ بۆنموونە هەنگوێنێک بە ڕەنگی ئاڵتوونی نرخی گرانترە لە جۆرێکی تر کە ڕەنگەکەی تاریکترە. تامەكەشی دەگۆڕێت بەپێی ئەو گوڵەی کە شیلەکەی لێ بەکاردەهێنرێت، کە بە شێوەی خاو و پاستوریزەکراو بەدەست دەهێنرێت.

هەنگوێن ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ لە شەکر پێک دێت کە ڕێژەیەکی بەرز لە مۆنۆساکاریدەکان، گلوکۆز و فرەکتۆز لەخۆدەگرێت؛ بەکارهێنانەکانی هەنگوێن سەرکەوتوو بووە لە زانستی نوێدا بەتایبەتی لەچارەسەرکردنی برینە درێژخایەنەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنەکان.

 

چۆنیەتی ناسینەوەی هەنگوێنی ئەسڵی لەماڵەوە

زۆرێک لە ئێمە کاتێک دەمانەوێت هەنگوێنێک بکڕین یەکەم شت بە خەیاڵمانا دێت ئەوەیە کە ئایا ئەسڵییە یان نەخێر؟ چونکە زۆرێک کە هەنگوێن درووست دەکەن فێڵی تێدا دەکەن ئەویش بە زیادکردنی ماددەی دیکە. هەنگوێنی سرووشتی بە یەکێک لە ماددە خۆراکییە گرنگەکان دادەنرێت کە جۆرەها مۆنۆساکاریدەکان و هەندێک لە سرکە، کەمێک لە ترشە ئەمییەنییەکان لەخۆ دەگرێت.

 

شێوازەکانی ناسینەوەی هەنگوێنی سرووشتی

  •     بڕێک لە هەنگوێن دەکەینە ناو پەرداخێک ئاوی گەرمەوە، ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ناویدا توایەوە ئەوا هەنگوێنەکە ئەسڵی نییە و فێڵی تێدا کراوە، بەڵام ئەگەر لە بنی پەرداخەکە نیشت و جێگیربوو ئەوا هەنگوێنەکەمان سرووشتییە.
  •     دەزوویەکی مۆم دەهێنین، هەڵیئەکێشینە ناو هەنگوێنەوە پاشان ئاگری پێوە دەنێین ئەگەر گڕی گرت ئەوە واتای وایە کە هەنگوێنەکە ئەسڵییە؛ بەڵام ئەگەر دەزووی مۆمەکە گڕی نەگرت ئەوا هەنگوێنەکە سرووشتی نییە و فێڵی تێدا کراوە ئەویش بەهۆی بوونی ئاو تێیدا، بەوەش هەرگیز هەنگوێنەکە گڕ ناگرێت.
  •     ڕێگایەکی تر ئەویش کەمێک هەنگوێن دەخەینە سەر کاغەزێک یان پارچە قوماشێک یاخود دەستەسڕێک، ئەگەر هەنگوێنەکەیان مژی ئەوە ئاماژە بەوەدەکات کە هەنگوێن نائەسڵە بەڵام گەر هیچ لە هەنگوێنەکەی نەمژی ئەوا سرووشتییە.
  •     لەم شێوازەدا بڕێکی کەم لە هەنگوێن بە كەوچکێک دەهێنین، دەست دەکەین بەڕژاندنی هەنگوێنەکە، ئەگەر بینیت هەنگوێنەکە بەشێوەی دەزوویەکی ڕێک دێتە خوارەوە بەبێ هیچ دابڕانێک ئەوا هەنگوێنێکی ئەسڵییە بەڵام گەر بە شێوەی بەش بەش بێتە خوارەوە ئەوا فێڵی تێدا کراوە.
  •     لێرەوە دڵۆپێک هەنگوێن دەخەینە سەر پەنجەمان، ئەگەر بڵاوبوویەوە و خلیسکا ئەوا ناسرووشتیە بەڵام بە یەکگرتوویی مایەوە و هیچ نەخلیسکا هەنگوێنێکی ئەسڵیمان هەیە.
  •     بڕێک هەنگوێن دەخەینە سەر ئاگر، ئەگەر دەستی بە توانەوە کرد لەگەڵ گەرمکردنەکە و بە شێوەیەکی خاو مایەوە ئەوا سرووشتییە بەڵام ئەگەر هەنگوێنەکە کوڵا و هەڵمی کرد ئەوا فێڵی تیدا کراوە.

سەرپەیڤ