ته‌مووز 15, 2025 15:08 Asia/Tehran
  •  تێكچوونی هۆڕمۆناتی کچانی هەرزەکار و نیشانەکانی

دەکرێت ئاستی هۆرمۆنەکان لە هەرزەکاراندا بە بەردەوامی لە گۆڕانکاریدابێت، بەڵام جیاواز لە گۆڕانەکەی دەکرێت لە هەندێک کەسدا ڕێژەی ناهاوسەنگی هەبێت، ناهاوسەنگییەکەش یان بەرچاوە و پێی دەزانرێت یاخود شاراوەیە.

ئەوانەی بە شێوەیەکی ئاشکرا ناهاوسەنگی هۆڕمۆنیان هەیە دەکرێت سووڕی مانگانەیان دوابکەوێت یاخود کێشی جەستەیان زیاد بکات؛ لە کاتێکدا ئەوانی تر سووڕی مانگانەیان هەیە و هەست بە هیچ نامۆییەک ناکەن لە کاتێکدا کە ئاستی هۆڕمۆنەکانیشیان ناڕێکە.

ئەو هۆڕمۆنانەی پەیوەندیدارن بە دۆخەکەوە

  •   پرۆژیسترۆن: ئەم هۆڕمۆنە لەلایەن هێلکەدانەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت و لە ماوەی هێلکەداناندا ڕێژەی دەردانی بەرزدەبێتەوە، کەمیی ئاستی ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی سەرئێشە و ناڕێکیی سووڕی مانگانە لەگەڵ شەکەتی، هەروەها پرۆژیسترۆن ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە جڵەوکردنی ڕێژەی ئیسترۆژیندا، واتە ئەگەر پرۆژیسترۆن نزم بوو، ئەوا ئیسترۆژینیش کێشە دروست دەکات.
  •   ئیسترۆژین: ناهاوسەنگی لە ئیسترۆژین کاریگەری دەبێت لەسەر زۆرینەی لایەنەکانی ژیانی خانمانی هەرزەکار؛ ڕێژەی بەرزی دەبێتە هۆی قەڵەوبوون، لەدەستدانی ئارەزووی جنسی (زایەندی) و بچووکیی مەمک، گۆڕانی زۆر لە هەوەس و سرووشتی کەسەکە. نزمی ڕێژەکەشی دەبێتە هۆی زۆر هەوکردنی میزەڕۆ، شەکەتی، ئازاری جەستە یاخود قورسی سەرنجدان.
  •   کۆرتیزۆل: یاخود پێی دەوترێت هۆرمۆنی فشار، بەرزی ڕێژەکەی دەبێتە هۆی نەخۆشیی کەشین و قەڵەوبوون، نیگەرانی یان خەمۆکی، نزمی ڕێژەکەشی دەبێتە هۆی نەخۆشی ئەدیسۆن و لاوازبوونی جەستە یاخود شەکەتبوون.
  •   هۆرمۆنەکانی سایرۆید: بەرزیی ڕێژەی هۆرمۆنەکانی ئەم ڕژێنە دەبنە هۆی لەدەستدانی کێش، پەرێشانی، ناڕێکی سووڕی مانگانە، داخورپینی دڵ، شەکەتی، نزمی ڕێژەکەشیان دەبێتە هۆی قەڵەوبوون، خەمۆکی، وشکبوونەوەی پێست و قژ، ناڕێکی سووڕی مانگانە.
  •   تیستێسترۆن: کچانی هەرزەکار دەکرێت ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە نێرینەیە؛ وەک دەرکەوتنی مووی ڕەش لەسەر ڕووخسار و دروستبوونی زیبکە.

 

 نیشانەکان

  • ژمارەیەکی زۆر نیشانە هەن کە پەیوەندیدارن بە تێكچوونی هۆڕمۆنەوە؛ هەندێکیان گشتین وەک ئەمانە:
  •   ناڕێکی سووڕی مانگانە یان هەبوونی خوێنی زۆر
  •   شەکەتی و زیادبوونی کێشی جەستە
  •   دەرکەوتنی مووی زیادە
  •   گۆڕانکاری زۆر لە هەوەس و سرووشتی کەسەکە

 

هەندێک نیشانەی تریش هەن کە کەمتر گشتین؛ ئەوانیش ئەمانەن:

  •   زیادبوونی هەستیاری بە گەرمی و ساردی
  •   خڕبوونی ڕووخسار، وشکبوونەوەی پێست
  •   بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی لێدانی دڵ
  •   قەڵەوبوون یان لاوازبوونی چاوەڕواننەکراو
  •   تینووێتی زۆر یان برسێتی زۆر، یاخود زۆر میزکردن
  •   شەکەتی ماسولکە، ئازار یان سڕبوونی ماسولکە و جومگەکان
  •   ئارەقکردنەوە، چاو کزبوون، سەرئێشە
  •   خەمۆکی، خەوزڕان

 

چارەسەر

شێوازی چارەسەرکردن بە گوێرەی هۆکار و ڕێژەی ناهاوسەنگیی هۆڕمۆنەکان دەگۆڕێت؛ لە زۆرینەی دۆخەکاندا بەکارهێنانی دەرمان و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانکردن هاوکاریی چاکبوونەوە دەکەن. ئەزموون کردنی گۆڕان و ناهاوسەنگی هۆڕمۆن لە هەرزەکاراندا بۆ هەردوو دایک و باوک و منداڵەکەش بێزارکەر و ماندووکەرە، بەڵام بە ئەنجامدانی پشکنینی گونجاو و ڕاوێژکردن بە پزیشک چارەسەری گونجاو دەدۆزرێتەوە.

 

 

سەرپەیڤ