پێناسەکردنەوەی بوێری و ڕەگ و ڕیشەی ترس - بەشی یەکەم
بوێری هێزێکی ناوەکییە کە ڕێگەمان پێ دەدات ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە، ڕیسک بکەین و بەسەر ترسەکانماندا زاڵ ببین. کاتێ ئێمە سەیری چیرۆکە حەماسییەکان، پاڵەوانان و وەرزیشوانە گەورەکان یاخود کادێرە سەرکەوتووەکان دەکەین، لە دڵی خۆماندا بیر لەوەی دەکەینەوە کە گوایە ئەوانە مرۆڤگەلی جیاوازن و لە ماددە و توخمێکی تر درووست کراون؛ مرۆڤگەلێک کە هەست بە ترس ناکەن. لە کاتێکدا، ئەمە هەر ئەوتێڕوانینە هەڵەیە سەبارەت بە بوێری.
پێناسەکردنەوەی بوێری: هونەری لاوازبوون
یەکەم و گرنگترین هەنگاو بۆ بوێربوون تێگەییشتن لە مانا ڕاستەقینە و مۆدێرنەکەیەتی. بۆ گەییشتن بەم ئامانجە دەبێت لە پێناسە کۆنەکانی بوێری دوور بکەوینەوە و ڕوو بکەینە توێژینەوەی زایانی دەروونناسی وەک د. برێنی براون.
ناوبراو دوای چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە لەسەر لاوازی و شەرم و بوێری، ئەم پێناسەیەی هێنایە ئاراوە: "بوێری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخێکی ترسناک و نادیار، سەرەڕای لاوازی و بەبێ هیچ مسۆگەرییەک بۆ دەرەنجامەکەیە."
- لێرەدا ئەم پێناسەیەی بوێری بەوردی شی دەکەین
بوێری واتە:
نادڵنیایی و نادیاری: بوێری لە بەرامبەر دۆخێکی نادیار ماناکەی دەدۆزێتەوە.
لاوازی: بوێری قبووڵکردنی شکست و ڕەتکردنەوە لەخۆ دەگرێت.
ڕووبەڕووبوونەوە: بوێری کردەیەکی چالاکە کە هەنگاونان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ترس لەخۆ دەگرێت.
کەواتە، بەم جۆرە کەسی بوێر ئەو کەسە نییە کە هەست بە ترس ناکات؛ پێچەوانە، کەسێکە کە سەرەڕای هەستکردن بە ترس پێشوازیی لێ دەکات و ڕێگەی پێ نادات ببێتە بڕیاردەی کۆتایی ژیانی. بوێری هەڵبژاردنی بەهاکان لەبری ئاسوودەیییە.
- شیکردنی سەرچاوەی ترس: بۆچی دەترسین؟
بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بوێر بین، سەرەتا دەبێت لە دوژمنەکەمان واتا لە ترس تێ بگەیین. ترس میکانیزمێکی مانەوەی بایۆلۆژییە کە بە درێژایی زەمەن و تێپەڕبوونی کات لە مێشکی مرۆڤدا پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی لە مەترسییە ڕاستەقینە و فیزیکییەکان بمانپارێزیت؛ لەوانە هێڕشکردنە سەرمان لەلایەن دەعبا و ئاژەڵە کێوییەکانەوە. ئەو بەشەی مێشکمان کە شێوەی بادەمە و ناوی "ئەمیگدال"ـە، ناوەندی سەرەکیی پرۆسێسکردنی ترسە، کە کاتێک ڕووبەڕووی مەترسی دەبینەوە، وەڵامی "شەڕکردن یان هەڵاتن"ـمان چالاک دەکات.
بەڵام لە جیهانی مۆدێرندا، ئەم سیستمە دێرینەی ئاگادارکردنەوە زۆرجار بەهۆی مەترسییە "دەروونی" و "کۆمەڵایەتی"ـیەکان چالاک دەبێت مەترسیی جەستەییمان بۆ درووست ناکەن.
ترسەکان بەگشتی لەم سێ بەشەدا پۆڵین دەکرێن:
ترس لە شتگەلی نەزانراو
ترس لە ڕەتکران
ترس لە شکست
لە بەشی دووەمی ئەم بابەتەدا، ٧ ڕێکاری پراکتیکی بۆ ئەوەی ئازا و بوێر بین، پێشکێش دەکەین.»