پارێزگاریکردن لە نینۆکی سرووشتی - بەشی 1
پارێزگاریکردن لە نینۆکی سرووشتی (بە عەرەبی: عناية طبيعية بالأظافر، و بە ئینگلیزی: Natural nail care)، بۆیەکردن تاکە چارەسەر نییە بۆ شاردنەوەی کێشەکانی نینۆک، بەڵکو بۆ مانەوەی نینۆکی سرووشتیت پێویستیان بە چاودێری و گرنگیدانێکی درووست هەیە بە بەردەوامی. هەروەها کۆمەڵێک هەڵەی باو هەیە کە دەبێت لێیان دوور بکەویتەوە بۆ مانەوەی نینۆکی سرووشتی خۆت و ڕێگریکردن لە شکانی و مانەوەی بە تەندرووستی.
کۆمەڵێک ئامۆژگاری بۆ پارێزگاریکردن لە مانەوەی نینۆکی سرووشتی
یەکەم/ نینۆکەکانت بپارێزە و پاک ڕایانبگرە
هەموو کێشەکانی نینۆک لە میکرۆب و بەکتریاوە دەست پێدەکات، دەبێت دڵنیا بیت لەوەی کە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ دورخستنەوەی میکرۆب و بەکتریا هەروەها دەبێت نینۆکەکانت بە بەردەوامی پاک بکەیتەوە و دڵنیابیت لەوەی کە دوای شۆردنی نینۆکەکانت وشکیان دەکەیتەوە. هەروەها دەبێت ڕێگری بکەیت لە کۆبوونەوەی پیسی و بەکتریا لە ژێر نینۆکەکانتدا ئەوەش بە پاک ڕاگرتن و شۆردنی دەبێت بەڵام ئاگاداربە زیادەڕەوی مەکە لە زۆر شۆردنی نینۆکەکانت و زۆر لە ئاودا نینۆکەکانت مەهێڵەوە چونکە لەوانەیە ببنە هۆی وشکبوونی نینۆکەکانت و بە ئاسانی شکاندنیان. هەروەها لە کاتی شۆردنی قاپدا دەبێت پارێزگاری لە نینۆکەکانت بکەیت بە بەکارهێنانی دەستکێش. پێویستە دڵنیا بیت لەوەی پێستی دەوروبەری نینۆکەکان پاک و بێ پیسییە، ئەویش دەتوانیت بە بەکارهێنانی فڵچەی ددان و هەندێک خوێی لەسەر دابنێیت و بەکاری بهێنیت بۆ ئەوەی نینۆکەکانت و پێستی دەوروبەری نینۆکت بە پاکی و بە هیواشی پاک بکەیتەوە.
دووەم/ وازبهێنە لە گازگرتن لە نینۆکەکانت 
گازگرتن لە نینۆکەکانت زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە نینۆکەکانت جگە لەوەی کە هەمیشە نینۆکەکانت بە وشکی و زبری دەردەکەوێت چونکە بەرکەوتنی نینۆکت لەگەڵ لیکی دەمت وا دەکات نینۆکەکانت لاواز و شکاو بن، هەروەها پیسی نینۆک و دەورووبەری نینۆکت زیان بە ددان و پوکت دەگەیەنێت و پیسی و میکرۆبی نینۆکەکانت دەگوازرێتەوە بۆ ناو دەمت. 
سێیەم/ کرێمی شێدارکەرەوەی دەست بەکاربهێنە
وشکبوونەوە و زبربوون چەندە بۆ نینۆکەکانت خراپە ئەوەندەش بۆ پێستت خراپە، چەنکە نینۆک زۆر ناسکە و مەیلیان هەیە بە ئاسانی بشکێن، هەمیشە کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنەوە نینۆکەکانت شێدار بکە بۆ ئەوەی بەهێز بن. شێدارکردنی نینۆک زۆر گرنگە بۆیە ئاگاداربە کامە کرێمی شێدارکەرەوە هەڵدەبژێریت چونکە کرێمێکی باشی شێدارکەرەوە یارمەتیت دەدات نینۆک و پێستت بە بریقەدار و تەندرووستی بمێننەوە.
چوارەم/ ماساج بکە بە نینۆکەکانت
هەمیشە چۆن هەموو بەشەکانی پێست و ڕوخسار پێویستیان بە مەساجە نینۆکەکانیش پێویستییان بە مەساجکردن هەیە، کە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ پاک ڕاگرتن و زبرنەبوونی نینۆکەکانت. هەروەها دەتوانیت شەوان پێش نوستن مەساج بکەیت بە نینۆکەکانت بە زەیتی زەیتوون یاخود کرێمی شێدارکەرەوەی تایبەت بە خۆت، ئەم کارە هەموو شەوێک دووبارە بکەرەوە دەبێتە هۆی ڕەونەقداری و جوانی و پاکی نینۆکەکانت بۆ هەمیشە. هەروەها دەتوانیت لە هەفتەیەکدا ٣ جار ئاو و لیمەدۆزی تێکەڵ بکەیت و بۆ ماوەی ١٠ خولەک نینۆکەکانتی لەناودا دابنێیت بۆ ئەوەی پیسی ژێر نینۆکەکانت دەربێت و نینۆکەکانت بەهێز و پتەو بکات.
پێنجەم/ دەستکێش بەکاربهێنە بۆ پاراستنی نینۆکەکانت
ئەگەر خۆت کارەکانی ماڵەکەت ئەنجام دەدەیت ئەوا هەمیشە دەستکێش بەکاربهێە بۆ پارێزگاریکردنی نینۆکی سرووشتی خۆت، چونکە بەشێکی زۆر لە پاککەرەوەکانت مادەی کیمیاییان تێدایە و زیان بە نینۆکەکانت دەگەیەنێت کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵدا دەبێت، هەروەها چارەسەری سادەش ئەوەیە کە دەستکێش بەکاربهێنیت بۆ پاراستنی نینۆکەکانت. دڵنیابە لەوەی کە دەستکێشەکانت بە باشی دەشۆیت لە دوای تەواوبوونی کارەکانت و لەبەر تیشکی خۆردا هەڵیانبواسیت بۆ ئەوەی وشک ببنەوە.
 
							 
						 
						