زەردوویی چییە؟ (بەشی یەکەم)
نەخۆشیەکە ڕەنگی پێست و بەشە سپییەکەی چاو دەگۆڕێت بۆ زەرد، زۆرجار منداڵانی تازەلەدایکبوو تووشی دەبن، هەندێک جاریش پێگەیشتووان و تەمەنەکانی دیکە، لە کاتی بوونی نەخۆشییەکە باشترین بژاردە ئاگادارکردنەوەی پزیشکی پسپۆڕە، زەردوویی دەشێت نیشانەی تێکچوونێک بێت لە (جگەر، خوێن، توورەگەی زراو)دا.
بۆچی کەسانی پێگەیشتوو تووشی زەردوویی دەبن؟
زەردوویی بە بەرزبوونەوەی ماددەی بیلیڕووبین کە ماددەیەکی پرتەقاڵی و زەرد باوە لەناو خوێندا ڕوودەدات، بیلیڕووبین لە خرۆکە سوورەکانی ناو خوێندا هەیە و پاش مردنی ئەو خڕۆکانە، جگەر هەڵدەستێت بە پاڵفتەکردنیان لەڕێڕەوی خوێندا، بەڵام کاتێک کێشەیەک ڕوودەدات یاخود جگەر بەکاری خۆی هەڵناسێت ڕێژەی بیلیڕووبین هەڵدەکشێت و ڕەنگی پێست زەرد هەڵدەگەڕێنێت.
زەردوویی لە پێگەیشتوواندا دەگمەنە و ئەگەر ڕووشبدات هۆکاری زۆری هەیە، لەو هۆکارانە:
- هەوکردنی جگەر: زۆر جار هۆکاری هەوکردنی ئەندامێکی گرنگی وەکو جگەر بەهۆی ڤایرۆسەوەیە، دەشێت کورتخایەن یاخود درێژخایەن بێت کە درێژخایەنەکە زیاتر لە شەش مانگ دەخایەنێت، هەندێک جاریش دەرمان یان خۆییە بەرگرییە نەخۆشیەکان هۆکاری هەوکردنەکەن، بەتێپەڕبوونی کات دەتوانێت جگەر لەکار بخات و ببێتە هۆی زەردوویی.
- نەخۆشی جگەری پەیوەست بە کهول: ئەگەر هاتوو کەسێک بۆماوەی زیاتر لە دە ساڵ کهولی بەبڕێکی زۆر خواردەوە، بەدڵنیاییەوە جگەری تووشی کێشەیەکی زۆر دێت، دوو نەخۆشی بەدیاریکراوی (هەوکردنی جگەر و ئەستووربوون و هاتنەوەیەکی جگەر) بەهۆی کهول مەترسین بۆ سەر جگەر وەک ئەندامێکی گرنگی لەش.
- داخرانی بۆری زراو (زەرداو): ئەم ڕێڕەوانە تەنکن و شلەیەک لە جگەر و توورەگەی زراوەوە دەگەیەننە ڕیخۆڵەباریکە، هەندێک جار بەهۆی (بەردی زراو، شێرپەنجە، نەخۆشی دەگمەنی جگەر)ـەوە دادەخرێن و دەبنە هۆی زەردوویی.
- شێرپەنجەی پەنکریاس: ئەمەش دەیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە پیاواندا و نۆیەمە لە ئافرەتاندا، دەتوانێت بۆری زراو دابخات و ببێتە هۆی زەردوویی.
- کۆمەڵێک دەرمانی دیاریکراو: ئەسیتامینۆفین، پەنسیلین، کەپسولەکانی کۆنتڕۆڵکردنی منداڵبوون هەروەها ستیرۆیدەکان و ئەوانەی هاوپەیوەندن بۆ نەخۆشییەکانی جگەر هۆکاری زەردوویین.