تشرینی دووه‌م 26, 2025 18:34 Asia/Tehran
  • زەردوویی چییە؟ (بەشی دووەم)

نەخۆشیەکە ڕەنگی پێست و بەشە سپییەکەی چاو دەگۆڕێت بۆ زەرد، زۆرجار منداڵانی تازەلەدایکبوو تووشی دەبن، هەندێک جاریش پێگەیشتووان و تەمەنەکانی دیکە، لە کاتی بوونی نەخۆشییەکە باشترین بژاردە ئاگادارکردنەوەی پزیشکی پسپۆڕە، زەردوویی دەشێت نیشانەی تێکچوونێک بێت لە (جگەر، خوێن، توورەگەی زراو)دا.

نیشانەکانی زەردوویی


زۆرجار نەخۆشەکە هەست بە بوونی نیشانەکان ناکات ئەمەش وادەکات لەناکاو تێبینی بکرێت، خراپی نیشانەکان پشت دەبەستێت بە هۆکارەکان و خێرایی و هێواشی لە گەشەسەندییان، ئەگەر جۆری زەردووییەکە کورتخایەن بێت (ئاسایی بەهۆی میکڕۆبەهەوکردنەوەیە) ئەوا ئەم نیشانانە لە نەخۆشەکەدا دەردەکەوێت:

- تا.

- خوراندنی لەش.

- ئازاری سک.

- نیشانەکانی هەڵامەت.

- گۆڕانی ڕەنگی پێست.

- گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ ڕەنگێکی تێر و پیساییش بۆ ڕەنگی سورباو.


بەڵام گەر جۆری زەردووییەکە درێژخایەن بوو ئەوا نیشانەکان ئەمانە دەبن: 

- کەمبوونەوەی کێشی لەش.

- خوراندنی لەش.

-  گەر بەهۆی شێرپەنجەی پەنکریاس و داخرانی ڕێڕەوی زراوەوە ڕوویدا ئەوا باوترین نیشانە ئازاری سکە.

زەردوویی چۆن دیاریدەکرێت؟

پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی بیلیڕووبین ئەنجامدەدات بۆ نەخۆشەکە کە پێوانی بڕی ماددەکەیە لە ناو خوێندا پاشان پشکنینێکی تر کە بە پشکنینی گشتی خوێن - (CBC) ناودەبرێت و تایبەتە بە خوێن یاخود پشکنین بۆ جگەر ئەنجامدەدەرێت، لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر نەخۆشەکە زەردوویی هەبوو ئەوا بڕی ماددەکە لە خوێندا زۆرە، پزیشکەکە دەربارەی نیشانەکان و مێژووی نەخۆشیەکە دەپرسێت و بە دەستی پشکنین بۆ جگەر دەکات لەلای ڕاستی سکەوە هەروەها لەوانەیە پشکنینی تیشکیش پێویست بێت بۆ ڕوونکردنەوەی تەواوەتی بارودۆخی نەخۆشەکە و هۆکاری ڕوودانی نەخۆشیەکە.

چارەسەری زەردوویی

لە کەسانی پێگەیشتوودا چارەسەرێکی ئەوتۆ نییە بۆ خودی زەردوویی بەڵکو شارەزایان هۆکاری زەردووییەکە چارەسەر دەکەن، ئەگەر نەخۆشیەکە هۆیەکەی هەوکردنی جگەری ڤایرۆساوی کورتخایەن بوو ئەوا زەردووییەکە خۆی نامێنێت و جگەر ساڕێژدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر هۆکارەکەی داخرانی بۆری زراو بوو ئەوا پزیشکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوەکە نەشتەرگەری ئەنجامدەدەن.

ڕێگرکردن لە توشبوون بە زەردوویی

زەردووی بەهۆی زۆریی هۆکارەکانی، ڕێگری لێکردنی کارێکی قورس و زەحمەتە بەڵام ڕێکخستنی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە خوێن و وەرزشکردن  یارمەتیدەرن بۆ ڕێگری لە زەردوویی.

سەرپەیڤ