مێرکڵ: کەندوکۆسپی زۆر هەیە لەبەردەم ڕەوتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئاڵمان وتورکیا
ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان رۆژی پێنج شەممە لە پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ بینالی یێڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە بەرلین جەختی کرد؛ لەمپەری زۆر هەیە لەبەردەم ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ئانگێلا مێرکڵ بەم حاڵەش، وتی کە بەرلین خوازیاری پەرەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیایە.
مێرکڵ هەروەها ئاماژەی کردە دۆسییەی دێنیز یوجل پەیامنێری ئەڵمانی-تورکی رۆژنامەی Die Welt کە لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە تائێستا بەتۆمەتی پەیوەندیی گرتن بەگرووپە ڕەشەکوژەکان لەتورکیا زیندانییە و وتی: بەرلین هیوای بە تێپەڕینی خێراو دادگەرانەی پرۆسەی ڕاگەیشتن بەتۆمەتە پاڵدراوەکانی ناوبراوە.
سەرۆک وەزیرانی تورکیاش لەو پرێس کۆنفرانسەدا بەئاماژە بەوەی کە پاش کودەتای بێ ئەنجامی١٥ی ژوولای٢٠١٦ ژمارێکی زۆر دۆسییە لەدادگەکانی تورکیا لەحاڵی لێکدانەوەن ، وتی: دۆسییەی یوجیلیش لەئەستۆی دەزگەی دادەوانییەو هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی تورکیاوە نییە.
یێڵدریم لەهەمان کاتدا هیوای خواست، دادگەییکرانی یوجل بەزوویی دەس پێ بکرێ و بگاتە سەرەنجامێک.
لەکاتێکدا کە ئاڵمان ڕایگەیاندووە، شەش شارومەندی ئاڵمانی بەهۆ وهەگەری سیاسی لە تورکیا زیندانین، دۆسییەی یوجل پەیامنێری ڕۆژنامەی "دی وۆڵت" بەشێوەی تایبەت بووەتە مایەی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات.
ئاڵمان وتورکیا بەرلەوەش لەسەر خاڵی جۆراوجۆری وەک نەیارەتی لەگەڵ پڕووپاگەندەکردن بۆ کۆپرسیی لەسەر گۆڕینی دەستوری تورکیا لە ئاڵمان و پەنابەرێتی دانی ئاڵمان بە کەسانی بەناو کودەتاچی تووشی ئاڵۆزکاوی ببوو.
هەڵس و کەوتی دادەوانی و قۆڵبەست کرانی شارومەندانی تورکیاو وڵاتانی دیکە بەتایبەت ئاڵمان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی گولەن و دەستتێدابوونیان لە کودەتا ناسەرکەوتووەکەی١٥ی ژوولای ٢٠١٦ی تورکیا ، بووەتە بابەتێکی باو و ئاسایی لەو وڵاتە.
حکومەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە فەتحوڵڵا گولەن بە دزە کردنە نێو دەم و دەزگە دادەوانی، سەربازی، فێرکارییەکان و ناوەندە حکومەتییەکان، کودەتای بێ ئەنجامی١٥ی ژوولای٢٠١٦ی ڕێکخستووە.
بەڵام وڵاتانی ئوروپایی و پارت و لایەنە نەیارەکانی حکومەتی تورکیا ، ئانکاڕایان تاوانبار کردووە بەوەی کە لە ڕوودانی کودەتا بۆ تەمێ کردنی نەیارە سیاسییەکانی کەڵک وەردەگرێ.