کوژرانی لەشکرییەکی تورکیا لە باکووری سووریا
لەشکرییەکی تورکیا ڕۆژی سێ شەممە لە ڕۆژئاوای شاری «ئەعزاز» لە باکووری پارێزگای حەڵەبی باکووری سووریا، کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، میدیاکانی سووریا ڕایانگەیاندووە، لەشکرییەکی تورکیا ڕۆژی سێ شەممە لە ڕۆژئاوای شاری «ئەعزاز» لە باکووری پارێزگای حەڵەبی باکووری سووریا، کوژرا. وەک باسی دەکرێت ئەم لەشکرییەی تورکیا لە ھەڵمەتی شەڕڤانانی کوردی ئەم وڵاتەدا کوژراوە.
سوپای تورکیا لە بیست و چوارەمی ئوتی ساڵی دووهەزاروپانزەوە بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی یاسایی سووریا وێڕای بەکارھێنانی تاقمە تیرۆریستەکانی ھاوپەیمانی خۆی ، لەوانە سوپای بەناوئازادی سووریا لە دوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی خۆی دا ناسراو بە قەڵغانی فۆرات و چڵە زەیتون چوارھەزار کیلومەتر لە خاکی سوریاو شارەکانی ئەلباب، ئەعزاز، جرابلۆس و عەفرینی لە باکووری ئەم وڵاتە داگیر کردووە.ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا بەردەوام وێڕای ئیدانە کردنی پێشێلکرانی سەروەریی ئەم وڵاتە لە لایەن تورکیاوە، داوای چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزەکانی تورک لە خاکی سووریای کردووە. کاربەدەستانی تورکیا لەوباوەڕەدان کە پارتەکوردییەکان لەوانە پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا بە پشتگریی ھێندێک لە وڵاتانی بیانی لەوانە ئەمریکاو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بە نیازی پێکھێنانی وڵات و یان ھەرێمێکی سەربەخۆی کوردنشینە لە باکووری سووریاو باشووری سنوورەکانی تورکیا. ھەر بۆیە بە بیانووی خەباتی دژی ئەم پارتانە ھێرشی کردووەتە سەر سووریاو سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە.
کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و گەلێک لە دەوڵەتانی بێ لایەنیش ھەتا ئێستا گەلێک جار ئامادە بوونی سەربازیی تورکیا لە خاکی سووریایان شەرمەزار کردووەو داوای کۆتایی ھاتنی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو خاکی سووریادا دەکەن.