تشرینی دووه‌م 23, 2021 16:48 Asia/Tehran
  • داڕمانی ھەمدیسانی نرخی لیری تورکیا

چاودێرانی سیاسی و ئابووریی تورکیا، گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی لیرەیان بۆ دەستوەردانی سەربازی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی تر گەڕاندوووەتەوە.

نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکا گەیشتە 12 لیرە و 30 قڕووش ئەمەش نزمترین نرخی لیرەیە بەرانبەر دۆلار لە مێژوودا تۆمار کرابێت. سیاسەتی هەڵەی ئەردۆغان و دەستوەردانی سەربازی و سیاسی لە وڵاتانی تر بە گرنگرین هۆکاری پاشەکشەی لیرە هەژمار دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە بەهای لیرە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و 100 دۆلاری ئەمەریکا بە هەزار و 230 لیرە ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە هەمووی 10 رۆژ نابێ 100 دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە هەزار لیرە. لە 14ی ئەم مانگە بۆ یەکەم جار نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە 10 لیرە.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری تورکیا، گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی لیرەیان بۆ دەستوەردانی سەربازی تورکیا لە کاروباری وڵاتانی تر گەڕاندوووەتەوە. بەشێکی تر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەوەی لە تورکیا روو دەدات شکستی ئەردۆغانە  و پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە ئەو بە خەڵکی دابوو و لە جیاتی گەشەسەندن، تورکیا بەردەوام پاشەکشەی کردووە و بەهای دراوەکەشی دابەزیوە.

ئەگەر سەرنج بدرێتە گۆڕانکارییەکانی نرخی لیرە لە بۆرسەی دنیا، لانی کەم لە 13 ساڵی رابردوودا لیرە بەردەوام لە دابەزیندابووە و دابەزینەکەش لەو کاتەوە کە رەجەب تەیب  ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەستی بە فراوانخوازییەکانی کردووە، زیاتر خێرا بووە.

لانی کەم لە شەش ساڵی رابردوودا  رەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتی تاکڕەوانەی پێڕەو کردووە و لە بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری دوور کەوتووەتەوە. ئەم کارانەی ئەردۆغان بووەتە هۆی تۆراندنی دۆستە رۆژئاواییەکانی و هەر بۆیەش پێوەندییەکانیان، لەگەڵ تورکیا سنووردار کردووە.

سەرپەیڤ