تشرینی دووه‌م 02, 2022 21:57 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: ئاسایشتمان لە سێبەری «فەتۆ» پاک کردووەتەوە

«رەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە: لە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزەوە ھەتا ئەمڕۆ، ٣٨ هەزار کارمەندی ئاسایشمان لەسەر کار لاداوە و دامەزراوەکەمان بە تەواوەتی لە سێبەری «فەتۆ» پاک کردووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی سەر بە «ئاکپارتی» «رەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا،لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچووانی ناوەندی مەشقکردنی بەڕێوەبەرانی پۆلیس جەختی لەوە کردەوە کە،  دامەزراوەی ئاسایش یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە زۆرترین زیانی لە لایەن رێکخراوەکەی «فەتحوڵڵا گوێلەن»ەوە بەرکەوتووە کە دیارە ئەمەش لەو کارەساتە ھەرە گەورانەی ئەم دواییانەی تورکیا دێتە ئەژمار.

سەرۆک کۆماری تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی  کە، لە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزەوە ھەتا ئەمڕۆ، ٣٨ هەزار کارمەندی ئاسایشمان لەسەر کار لابردووە، وتیشی: لە ئێستادا دەتوانم ئەوە ڕابگەیەنم کە دامەزراوەی ئاسایشی تورکیا بە تەواوی لە سێبەری «فەتۆ» پاک کراوەتەوە.

دەوڵەتی ئانکارا دوای کودەتاکەی ١٥ی ژولای ساڵی ٢٠١٦، لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا دژی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوێلەن، دەیان هەزار کەس لە لەشکریان ، پۆلیس، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆو فێرکاران و کارمەندانی دەوڵەتی ڕاپێچ کردووەو یان لە کار هەڵیپەساردوون و یاخود خستوونیەتە بەر پەیگەڕی یاسایی و دادەڤانی.

تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە فەتحوڵڵا گوێلەن بە پێکھێنانی تاقمێکی ناسراو بە «فەتۆ»و بە دزە کردنە نێو پێکھاتەی دادەڤانی، سەربازی، فێرکاری و دامەزراوە ئاسایشتی و دەوڵەتییەکان، کودەتا شکست خواردووەکەی ی ژولای ساڵی ٢٠١٦ی زایینی ڕێک خستووە

سەرپەیڤ