تشرینی دووه‌م 14, 2022 04:04 Asia/Tehran
  • سەڵاحەدین دەمیرتاش: هەرهێرشێک هاوڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج تیرۆرەو بۆ ئێمە جێگای قەبوڵ نییە

«سەڵاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانەوە پەیامێکی پەیوەست بە تەقینەوەکەی شاری ئەستەمۆڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هەرهێرشێک هاوڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج تیرۆرە دێتە ئەژمارو دیارە بۆ ئێمە جێگای قەبوڵ نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی نزیک لە «دەمیرتاشەوە»، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ئێستادا لە زینداندایە پەیامێکی لە بارەی ھێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی شەقامی ئیستقلالی ئەستەمۆڵی تورکیا بڵاوکردەوە و تیای دا رایگەیاند: هەرهێرشێک هاوڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج لە ڕوی یاسایی،سیاسی،ئەخلاقی و ویژدانییەوە تیرۆرەو دیارە بۆ ئێمە هەرگیز جێگای قبوڵ نییە.

«دەمیرتاش» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەم کە بە ئاشکرا خەڵکی مەدەنیی بێتاوان لە شەقامی «ئیستقلال» دەکاتە ئامانج.

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان ھەروەھا لە خودای گەورە داوای لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە کردووە کە لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوەو، سەرەخۆشی لە کەسوکاریان کردووەو ئاواتی چاکبوونەوەی خێراشی بۆ بریندارەکان خواستووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە شەقامی ئیستقلال لە نزیکی مەیدانی تەقسیم لە ئەستەمۆڵی تورکیا ٦ کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

سەرپەیڤ